دانی ئالڤێس: له‌ زیندان ناترسێم

ئالڤێس بۆ یەکەمجار باس لە زیندان و ئەو تۆمەتە دەکات کە خراوەتە پاڵی
دانی ئالڤێس به‌رگریكاری به‌رازیلی یانه‌ی پوماسی مه‌كسیكی
دانی ئالڤێس به‌رگریكاری به‌رازیلی یانه‌ی پوماسی مه‌كسیكی

دانی ئالڤێس بۆ یەکەمجار دوای زیندانیکرانی لە ئیسپانیا قسە دەکات و دەڵێت لە زیندان ناترسێت و جارێکی دیکەش تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە، پارێزەرەکەشی داوا لە دادگای ئیسپانیا دەکات کە ئالڤێس ئازاد بکەن و تا رۆژی دادگاییەکەی لە ماڵەکەی خۆی لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە.

دانی ئالڤێس ئەستێرەی بەڕازیلی و یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا چەند رۆژێکە لە زیندانێکی ئیسپانیا و بارسێلۆنا ژیان بەسەر دەبات، چارەنووسێکی تاڵ بەرۆکی گرتووە و چاوەڕێ دەکات گرێی بەختی بکرێتەوە و ئازاد بکرێت.

ئالڤێس کە بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر کچێكی 23 ساڵان لە یەکێک لە یانەکانی شەوانەی بارسێلۆنا دادگایی دەکرێت و زیندانی کراوە بۆ یەکەمجار باس لە زیندان و ئەو تۆمەتە دەکات کە خراوەتە پاڵی.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لێدوانەکانی ئالڤێسی گواستووەتەوە کە دەڵێت پێشوازی لە هەموو شتێک دەکات کە دێتە بەردەمی، یاریزانە بەڕازیلیەکە دەڵێت هیچ ترسێکی لە زیندان نییە و زۆر دۆخی ناخۆشی لە ژیانی تێپەڕ کردووە و لە کۆتاییدا سەرکەوتوو بووە بەسەریاندا.

ئەستێرەکەی پێشووی بلاوگرانا هێما بۆ ئەوەش دەکات لەو کاتەوەی تەمەنی 15 ساڵان بووە ماڵەکەی جێهێشتووە کە سەختترین تاقیکردنەوەی بووە لە ژیانیدا، بەڵام توانیویەتی بە باشی هەڵسوکەوت بکات و پێیوایە تاقیکردنەوەکانیش بەردەوام دەبن و ئەزموونی زیاتر لە ژیان دەبینێت.

رۆژنامەی مارکا نووسیویەتی: ئالڤێس پێداگیرە لەسەر ئەوەی هەر پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەو کچە هەبووبێت بە رەزامەندی خۆی بووە و بەو شێوەیە نییە کە باسی لێوەکراوە.

مارکا ئاشکراشی کردووە کە ئالڤێسی پەیوەندییەکەی لەگەڵ کچەکە بە شاراوەیی هێشتووەتەوە و لە ترسی هاوسەرەکەی ئاشکرای نەکردووە.

لەلایەن خۆیەوە رۆژنامەی لا فانگۆردیای ئیسپانی بڵاویکردەوە پارێزەرەکەی ئالڤێس داوای لە دادگای بارسێلۆنا کردووە کە بەزووترین کات بڕیکاردارەکەی ئازاد بکات، داوای ئەوەش کراوە کە ئالڤێس لە بارسێلۆنا لە ماڵەکەیدا بمێنێتەوە تا وادەی داگاییکرانی دێت.