سەرەڕای جەنگ لە مۆسکۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکرێت

kurdistan24.net

K24 - مۆسکۆ

مۆسکۆ لەگەڵ کێیڤ لە شەڕدایە و کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی رووسیاش ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە 20 ھەرێمی وڵاتەکە بە ھەرێمەکانی لوگانسک، دانێتسک، زاپەرۆژێی و خێرسۆن لە ئەیلوولی ئەمساڵدا، پرۆسەکە بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگار و جێگری ئەنجومەنی یاسادانان و یازدە جێگری ناوەندە ئیدارییەکانە، بەڵام چاودێرانی سیاسی لە مۆسکۆ دەڵێن، ئەم ھەڵبژاردنانە ئامادەکاریین بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا کە بڕیاە لە ساڵی 2024 ئەنجامبدرێت.

ماریا سێرگێیڤا، چاودێری سیاسی لە مۆسکۆ بە کوردستان24ی راگەیاند: "بێگومان دەنگدەران پەرۆشی رەوشی سیاسین لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بەڵام زۆرینە سەرنجیان لەسەر خزمەتگوزارییەکانە، ئەگەر پێشتر پارێزگارەکان لەسەر ئاستی پۆپۆلیستی ناسراوی و ناوبانگ ھەڵبژێردرابن، ئێستا ھاووڵاتییان چاودێری کارنامەی کاندیدەکان دەکەن، ئەوانەی لەناو خەڵکدان و بەدەم کێشە و ئاریشە ھەنووکەییەکانیانەوەن شانسی دەرچوونیان زیاتر دەبێت".

 گوتیشی: "بێگومان بۆ ساڵی 2024 رکابەر بۆ سەرۆکی ئێستا دەبێت، بەڵام ئەستەمە رکابەری رژد ھەبێت، ھەرچەند ھەڵبژاردنی ئێستای پارێزگاکان راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر ھەڵبژاردنی پاشتری سەرۆکایەتی، بۆیە ئەم ھەڵبژاردنانەی لەسەر ئاستی ھەرێمەکان بەڕێوە دەچن راستەوخۆ ئامادەسازییە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2024 دا".

پەیمانگەی پسپۆڕان بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە رووسیا، لە چەند ناوچەیەک بەھۆی کێبرکێی بەشێک لە سیاسی و سەرمایەدارەکانەوە پێشبینی گرژی دەکات، بەڵام چاودێرێکی سیاسیی پێیوایە دەستەڵات دەرفەتی دروستکردنی ئاڵۆزی نادات.

ئەلیکساندەر ئەسافۆڤ، سیاسی، دەڵێت: "بانگەشەی ھەڵبژاردن لای کاندیدەکان پەیوەست دەبێت بە پرسی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لە ئۆکرانیادا، پشتیوانی بۆ سەربازانی رووس و خزمەتکردنی خانەوادەکانیان و کارکردن لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەری گەمارۆ ئابورییەکان و سازاندنی دەرفەتی نوێی کار، جیاوازی ئەم ھەڵبژاردنە لەوەدایە کە ئاراستەیەک لە خەڵک ھەن دەنگیان بۆ رکابەری سەرۆکی ھەنووکە بوو، رەنگە لەم ھەڵبژاردنەدا بەشداری نەکەن، چونکە وڵات لە ھەلومەرجێکی تایبەتدایە، بەڵام ئەشێت کاندیدی پارتەکانی دیکە بۆ پۆستی پارێزگار  لە رێگەی ھەوڵی تاکەکەسی و بەدەمەوەچوون و پشتگیری پرۆسەکەوە ئەنجامی دڵخۆشکەر بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، بەڵام لەسەر ئاستی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ئەستەمە شتی چاوەڕواننەکراو رووبدات، بۆ ئەکتەرە سیاسییە سەرەکییەکان و بۆ تەواوی سیستەمی سیاسی ناوخۆیی رووسیا".

لە ئاداری داھاتوودا ماوەی سەرۆکایەتی ڤلادیمێر پوتن کۆتایی دێت، لەم بارەیەوە پسپۆران دەڵێن: ئەم ھەڵبژاردنانە ئامادەسازین بۆ خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا لە ساڵی 2024 دا.