یونامی: جەخت لە لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردنی هێرشبەرانی سەر کۆرمۆر دەکەینەوە

لۆگۆی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)
لۆگۆی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)

K24 - هەولێر

نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئیدانەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پێشوازیی لە لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکردنی بکەرانی هێرشەکە و دادگاییکردنیان دەکەین.

نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق کە بە یونامی ناسراوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هەڵوێستی خۆیی لە سەر هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆ ڕاگەیاندووە و ئاماژەی داوە، بەتوندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ئەو کێڵگەیە دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین و سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەوانەش دەکەین کە لەو هێرشەدا کوژراون.

یونامی جەخت دەکاتەوە کە پێشوازی لە لێکۆڵینەوە بۆ دەست نیشانکردن و دەستگیرکردنی بکەرانی هێرشەکە و دادگاییکردنیان دەکات.

ئێوارەی هەینی 26ـی نیسانی 2024 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە شارەدێی قادر کەرەمی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بەهۆیەوە چوار کارمەند کوژران کە خەڵکی یەمەنن بە ناوەکانی:

- عەلی عەبود ئەحمەد لەدایکبووی 1978.

- یوسف یاسر حەموود لەدایکبووی 1986.

- عیسام محەممەد ئەحمەد لەدایکبووی 1983.

 عەوەز عەبدە عەلی لەدایکبووی 1986 .

هەر دوای هێرشەکە، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیراوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

کێڵگەی کۆرمۆر کە لە ساڵی 2007ـەوە لە سنووری شاردێی قادر کەرەم دامەزراوە و کۆمپانیای دانەغاز بەرهەمهێنانی تێدا دەکات، بە پێدانی غاز بە وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.