ئه‌مه‌ریكا داوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌كات

ئه‌مه‌ریكا بۆ په‌كه‌كه‌ و توركیا.. بگه‌ڕێنه‌وه‌ مێزی گفتوگۆ
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

حکومەتی ئەمه‌ریکا جارێکی دیکە داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان "په‌كه‌كه‌" دەکات کە واز لە هێرشەکانی بۆ سەر تورکیا بێنێت و داواش لە بەرپرسانی پەکەکە و حكوومه‌تی تورکیاش دەکات، بگەڕێنەوە سەر مێزی دانووستان و کێشەکانیان بە ئاشتیانە چارەسەر بکەن.

ئەمریکا لە رێگای کوردستان24وە داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات کە شەڕ لەدژی تورکیا رابگرێت و ھێرشەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە کۆتایی پێ بێنن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە.

لەمیانەی وەڵامی پرسیارێکی پەپامنێری کوردستان24 لە واشنتن، جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند تورکیا وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ، مافی خۆیەتی گیانی ھاووڵاتیانی لە تیرۆریزم بپارێزێت و داواش لە پەکەکە دەکات شەڕ و ھێرشەکانی رابگرێت و دانووستان لەگەڵ تورکیا دەست پێ بکاتەوە، تاوەکو بگەنە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ پرسی کورد لە تورکیا.

كێربی گوتی: "ئێمە داوا لە پەکەکە دەکەین و بەردەوامیش ئەو داوایەمان لێیان ھەبووە کە کۆتایی بە ھێرشەکانیان بێنن و بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی تورکیا، تاوەکو چارەسەرێکی ئاشتیانە لە تورکیا بەدەست بێت، ئەمە ئەو ھەنگاوەیە کە ئێمە دەمانەوێیت بیبینین".

ھەروەھا کێربی رایدەگەنێت کە تورکیا رووبەڕووی ھەڕەشەیەکی جیدی تیرۆر بووەتەوە، ھەروەکو ھێرشەکەی ھەفتەی رابردووی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستانبۆڵ دەیسەلمێنێت و ئەنقەرەش مافی خۆیەتی بەرگری لە خەڵکی سڤیلی وڵاتەکەی بکات.

هه‌روه‌ها گوتی: "تورکیا رووبەڕووی ھەڕەشەیەکی جیدی تیرۆریزم بووەتەوە، ئەمەش تەنیا لەلایەن پەکەکەوە نا، بەڵکو لەلایەن داعشەوە. ھەفتەی رابردوز بینیمان چی روویدا لە فڕۆکەخانەی ئەتاتور، من نامەوێت پێش لێکۆڵینەوەکانی تورکیا بکەوم، بەڵام ئەو ھێرشە دەستی داعشی پێوە دیاربوو، تورکیاش مافی خۆیەتی گیانی ھاووڵاتیانی بپارێزێت، ھەروەکو ئەمریکا".

ماوەیەکە، سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر پەکەکە و یەپەگە، تورکیای نیگەران کردووە، بەوەی لە رۆڤاوا وەک ھاوپەیمان مامەڵە لەگەڵ یەپەگە دەکات و ئەنقەرەش یەپەگە بە باڵێکی پەکەکە دەبینێت و چەندجارێکیش بەرپرسانی تورکیا داوایان لە واشنتن کردووە کۆتایی بە ھاوکارییەکانیان بۆ یەپەگە بێنن.