پۆڵەندا چوار تانکی لیۆپارد رادەستی ئۆکراینا ده‌كات

سه‌رۆكوه‌زیرانی پۆڵه‌ندا سه‌ردانی ئۆكرانیای كرد
سه‌رۆكوه‌زیرانی پۆڵه‌ندا سه‌ردانی ئۆكرانیای كرد

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكوه‌زیرانی پۆڵه‌ندا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ چوار تانكی لیۆپارد راده‌ستی ئۆكرانیا ده‌كه‌ن و ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هاوكاری رووسیا بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (24ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، ماتیوز مۆراویسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا سه‌ردانی ئۆكرانیای كرد و بە ئاماژەدان بەوەی کە لە یەکەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی جەنگی رووسیا و ئۆکراینادا تەنها بۆ بە قسە پشتیوانییکردن نه‌چووه‌ته‌ کیێڤ، گوتی: "ئەمڕۆ یەکەمین چوار تانکی لیۆپارد رادەستی ئۆکراینا دەکەین. ئەمانە ئەو تانکانەن کە لە بەرەکانی جەنگدا لە بەردەستتاندا دەبێت. بەم نزیکانە تانکی زیاتریشتان رادەست دەکەین". راشیگه‌یاند، "ئەنجامدانی هاوکاری لەگەڵ رووسیا مەحاڵە."

سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا جەختی لەوە کردەوە کە ئۆکراینییەکان تەنیا نین و گوتی: "بانگەشەکانی رووسیا هەوڵدەدات درز بخانە نێوان وڵاتەکانمان، بەڵام پۆڵەندا و ئەوروپا و هەموو جیهانی ئازاد لەگەڵتانن".

بە ئاماژەدان بەوەی کە ئۆکراینا لەم جەنگەدا ناچارە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، مۆراویسکی گوتی: "رووسیا لەوە تێناگات کە لەناوبردنی نەتەوەیەک کە ئازادی دەوێت مەحاڵە، ئێمە ئاگاداری کۆیلایەتیی رووسیاین و جیهانی ئێمە جیهانی ئازادییەکانە".

ماتیوز مۆراویسکی ئاماژەی بەوە دا کە هەموو ئەو ژن و منداڵە ئۆکراینیانەی کە پەنایان بۆ پۆڵەندا بردووە سەلامەتن و وا هەست دەکەن کە لە ماڵەکانی خۆیاندان و گوتی: "رۆژێک دێت کە ئۆکراینا جارێکی دیکە ئازادی و ئاسایش و سەروەریی بەدەستدێنێتەوە و دەبێتە بەشێک لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ. ئێمە لە سەرکەوتنی کۆتایی نزیکتر بووینەتەوە. من ئەمڕۆ بۆ بە قسە پشتیوانییکردن نەهاتوومەتە کیێڤ. پۆڵەندا یەکەم وڵات بوو هاوپەیمانییەکی پێکهێنا و پشتگیریی لە ئۆکراینا کرد. ئەمڕۆ یەکەمین چوار تانکی لیۆپارد رادەستی ئۆکراینا دەکەین. ئەمانە ئەو تانکانەن کە لە بەرەکانی جەنگدا لەبەردەستتاندا دەبێت. بەم نزیکانە تانکی زیاتریشتان رادەست دەکەین".