كۆمپانیای ئەپڵ ڤی ئاڕێکی هەرزان لە 2025 بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 - هەولێر:

باوەڕپێکراوترین دزەپێکەری هەواڵەکانی کۆمپانیای ئەپڵ دەڵێت لە 2025 ئەپڵ هێدسێتێکی VRـی هەرزان بڵاودەکاتەوە.

ماڵپه‌ڕی CNBC رایگەیاند، مین چی کوەو یەکێک لە باوەڕپێکراوترین دزەپێکەرانی ئەپڵ دەڵێت ئەمساڵ ئەپڵ هێدسێتە گرانبەهاکە ئاشكرا دەکات، لە 2025ـیش ڤێرژنێکی هەرزانی لێ بڵاودەکاتەوە.

پێشبینی دەکرێت لە مانگی شەشی ئەمساڵ لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەپڵ کە بە WWDC دەناسرێت، ئەپڵ بۆ یەکەمجار ئەو هێدسێتە نوێیەی ئاشکرا بکات، دەنگۆ هەیە ناوی VR XR یان Reality Pro بێت، پێشبینی دەکرێت یەکەم ڤێرژنی ئەو ئامێرە ڤی ئاڕە نرخەکەی نزیک بێت لە 2999 دۆلار بەپێی راپۆرتێکی Bloomberg بێت، وە ڤێرژنە هەرزانەکەش نرخی لە نێوان 500 بۆ 800 دۆلار بێت.

وێنەی پێشبینی کراوی هێدسێتی VRـی ئەپڵ

ئەپڵ یەکەمجاری نییە دوو ڤێرژنی هەرزان و گرانبەها بۆ ئامێرەکانی دروستبکات، لە مۆبایل ئایفۆنی پڕۆ ماکس هەیە و ئایفۆن SEـی بڵاودەکاتەوە، لە کاتژمێری زیرەک بەهەمان شێوە.

پێشبینی دەکەین لە هاوینی ئەمساڵ لە کۆنفرانسی پەرەپێدەران لە WWDC ئەپڵ بۆ یەکەمجار ئاماژە بە هەبوونی ئەو ئامێرە بکات و تایبەتمەندییەکانی ئاشکرا بکات.