لە گوندی پەڵکانە عەرەبی هاوردە خێوەتیان هەڵدا

گوندی پەڵکانە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان - ئەرشیف
گوندی پەڵکانە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان - ئەرشیف

K24 - هەولێر

بەئامانجی جێبەجێکردنی داواکارییەکانییان کە خۆی لە داگیرگیرکردنی زەوی و زاری جوتیارانی کورد و دەسبەسەرداگرتنی خانووی هاوڵاتیانی کورد دەبینێتەوە، کە ڕژێمی پێشوو وەکو دیاری پێی بەخشیبوون، لە گوندی پەڵکانەی سەربە شارەدێی سەرگەڕان، ژمارەیەکی زۆری عەرەبی هاوردە خێوەتیان هەڵداوە و  بەنیازن ڕێگەیەکی سەرەکی دابخەن.

لەوبارەیەوە محەممەد ئیسماعیل نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەوەی عەرەبە هاوردەکان دەیکەن گێچەڵ و شەڕفرۆشتنە و ئامانجیان درێژەدانە بە تەعریب و داگیرکاری و زیادکردنی فشارەکان لەسەر جووتیارانی کورد.

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان گوتیشی: لەبەرانبەردا ئێمەی جووتیارانی کوردیش بەنیازین خێوەت هەڵبدەین و دژی ئەو هەوڵانە دەوەستینەوە، داواشی لەنوێنەرانی کورد کرد بەزووترین کات بێنە سەرخەت و چارەی بەپەلە بۆکێشەکە بدۆزنەوە چونکە بەگوتەی ئەو، عەرەبە هاوردەکان نیازیان خراپە و دوورنییە شەڕو ئاڵۆزی لەنێوان هەردوولا ڕوو بدات.

ماوەی دووهەفتەیە بەفشاری عەرەبە هاوردەکان سوپای عێراق دروێنەکردنی لە جووتیارانی کورد لەسنووری گوندەکانی سەرگەڕان و پردێ قەدەغە کردووە و هەوڵەکان بەئاراستەی داگیرکردنی زەویی جوتیارانی کوردە لەسنوورەکە.

ئەوە لەکاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 29ـی نیسانی 2024، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ڕێگرییەکانی سوپای عێراق لە جووتیارانی کورد، گوتی: لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان قسەم کردووە و لەسەرخەتین و ئەو ڕێگرییانە نامێنێت، ئاماژەی بەوەش کردبوو، لەگەڵ وەزیری بەرگری قسەم کردووە، بۆ چارەکردنی ئەوکێشەیەش لەپەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای پوچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی حزبی بەعس کراوە.