تایبەتمەندییەکی زۆر بەسوودی گووگڵ ئێستا لەسەر ئایفۆن بەردەستە

K24 - هەولێر: 

لە کۆتاییدا Magic Eraser بۆ بەکارهێنەرانی ئایفۆن بەردەستە، سڕینەوەی شتەکان لە وێنە وەکو جادوو کار دەکات!

ماجیک ئیرەیسەری گووگڵ یەکێکە لە بەهێزترین تایبەتمەندییەکانی ئەو کۆمپانیایە، وە گووگڵ رێکلامێکی زۆری بۆ کردووە کە دەتوانێت بە ژیری دەستکرد هەر شتێکی نەخوازراو لە وێنەیەکدا هەبێت بیسڕێتەوە.

ئەو تایبەتمەندییە لە 2021 لەسەر مۆبایلی پیکسڵی گووگڵ بەردەستخرا، دواتر تایبەتمەندییەکە خرایە سەر ئەپی Google Photos لەسەر مۆبایلەکانی دیکەی ئاندرۆید بڵاوکرایەوە.

ئێستا ئەو تایبەتمەندییە لەسەر ئەپی Google One بەردەستە، بەڵام هاوشێوەی ئاندرۆید لەسەر ئایفۆن بە خۆڕایی نییە، گووگڵ هاردی 100 گێگا بایت لە زەخیرەکردنی ئۆنڵاینی وێنە بە بەکارهێنەرانی ئەپڵ دەدات بە نرخی 1.99 دۆلار لە مانگێکدا، لەگەڵ ئەو خزمەتگوزارییەی Google One تایبەتمەندی Magic Eraser بەردەستخراوە.

بۆ بەکارهێنانی ئەو رەشکەرەوەیە، کارەکە زۆر ئاسانە، لەسەر هەر وێنەیەک، شتێک دیار دەکەیت جا مرۆڤ، ئاژەڵ، دار و بەرد هەر شتێک بێت، بتەوێت لە وێنەکەدا بیسڕیتەوە، بە ژیری دەستکردی گووگڵ، ئەو ئەپە دەتوانێت بۆت بسڕێتەوە بەشێوەیەک وێنەکە تێکنەدات و پێنەچێت شتێکی لێ سڕاوەتەوە.