کۆمپانیای EA لە گەیمەران دەپرسێت بەشی دووەم و سێیەمی Dead Spaceـیان دەوێت؟

K24 - هەولێر 

بەشی یەکەمی دێد سپەیس ئەمساڵ سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد، بەڵام EA دڵنیا نییە گەیمەران بەشی دووەم و سێیەمیان دەوێت یان نا.

ئەمساڵ بەشی یەکەمی یاری Dead Space سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد، لەلایەن رەخنەگران و گەیمەران پێشوازییەکی گەورەی لێکرا، یارییەکە نوێ نییە دووبارە دروستکراوەی هەمان یارییە لە ساڵی 2008 بڵاوکرایەوە.

دووبارە دروستکردنەوەی بەشی دووەم و سێیەم لەلایەن کۆمپانیای EA هێشتا رووناکی سەوزی بۆ هەڵنەکراوە، لە فۆرمێکی راپرسی بە ئیمەیڵ بۆ هەندێک لە گەیمەران و رۆژنامەنووسانی ئەو بوارە نێردراوە، دەپرسن ئایا حەز دەکەن بەشی دووەم و سێیەمی ئەو یارییە ببینن یان نا.

بەشی دووەمی Dead Space پێشوازییەکی باشی لێکراوە لە چەند ساڵی رابردوو، بۆیەش دووبارە دروستکردنەوەی پێشبینی دەکرێت هەمان کاردنەوەی باشی بۆ کۆمپانیا و گەیمەران دروستبکات، گەر بێت هاوشێوەی بەشی یەکەم بە گرافیک و تەکنیکی نوێ بۆ کۆنسڵی PS5 و Xbox Series دووبارە دروستبکرێتەوە پێشبینی دەکرێت فرۆشێکی باشی هەبێت.

Dead Space یارییەکی ترسناکی مانەوە لە ژیانە، چیڕۆکی زانایەک بەناوی ئیسحاق دەگێڕێتەوە، دەچێتە سەر کەشتییەک لەسەر مانگێک تاوەکو ئەو زانایانەی گیریان خواردووە لەدەستی ئەو بوونەوەرانە رزگار بکات، یارییەکە نهێنییە، تەقەکەری کەسی سێیەمە وە لە ژانرەی زانستی خەیاڵییە، ئێستا لەسەر کۆنسڵەکانی PS5 و Xbox Series لەگەڵ PC بەردەستە