ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی لە بەشداریکردنی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی لە پرۆژەی هەژماری من دەکات

K24 - هەولێر:

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی لە بەشداریکردنی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی (هەژماری من) دەکات و بڕیاریدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویستیش بۆ دەستنیشانکردنی مەرج و ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (8ـی ئایاری 2024) بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانیی بەرامبەر سووتانی بازاڕی دێرینی قەیسەریی هەولێر و هاوخەمی لەگەڵ زیانلێکەوتووان دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە لێکۆڵینەوەی پێویست لە هۆکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە بکەن، لە هەمانکاتیشدا سوپاسی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری و ئاسایش و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ کرد و جەختی لە سەر پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و ڕێکارەکانی پاراستن و سەلامەتی لە سەرتاسەری هەرێم کردەوە بە تایبەتی لە شوێنە گشتییەکان بۆ ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوە دڵتەزێنانە. هەروەها ئاماژەشی بەوە دا کە هەوڵ دەدەین بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و ڕێکخراوی یۆنیسکۆ، ئەو بازاڕە مێژوویی و شوێنەوارییە نۆژەن بکرێتەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجامی دوا کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکیی هەردوولا، لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەکان و بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم .

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرچی ئەرک و پابەندییە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێی کراون و پێویستە حکوومەتی فیدراڵیش، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و چیتر هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی، نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ناردنی مووچە.

دواتر لەلایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران کە حەفتەی ڕابردوو سەرۆکایەتیی شاندێکی تەکنیکیی حکوومەتی هەرێمی کرد بۆ بەغدا، ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەنجامی سەردانەکەیان و گفتوگۆکانیان لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە دەستپێشخەرییەکانی هەرێمی کوردستان خرایە ڕوو سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ و بەدواداچوونەکانیان بۆ خەرجکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی نیسان و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە خەرجیی تەشغیلی وپڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێمەکان بە گوێرەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجە خستەڕوو، کە چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی کۆبونەوەکانی بەغدای تێدا بوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و شاندەکەی، جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵیی بەجێ گەیاندووە و بەردەوام تەرازووی پێداچوونەوە (میزان المراجعة)ی مانگانەی خۆی بە پەسەندکراوی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە زانیاری تەواو لەسەر داهات و خەرجییەکان و ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بە هەموو داتا و زانیارییەکان و جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە گوێرەی یاسای بودجە، ئیتر چاوەڕێین حکوومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا، بڕیاری خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم بدات لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر.

سەبارەت بە بابەتی بەبانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێميش، عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران، وردەکاری و ڕوونکردنەوەی پێویستی لەبارەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە خستەڕوو. ئاماژەی بەوە دا کە لە لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ڕێککەوتین ئەو بانکەش بەشداربێت لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەکەش بەردەوامە.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەشداریکردنی بانکی بازرگانی عێراق لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بانکێکی حکومی فیدراڵییە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر لە ناردنی زانیاریی پێویست لە چوارچێوەی لێکگەیشتنی هاوبەشی تیمی تەکنیکی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم وپێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست لەم بارەیەوە.

بڕگەی دووەم گفتوگۆکردن بوو لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان گەیشتۆتە 30 هەزار و 672 فەرمانبەر، کە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکی هاوبەش لە لایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکرابوو و وردەکارییەکەی لە لایەن سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنەوە خرایە ڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی بۆ داخوازی فەرمانبەرانی گرێبەست کە هێزێکی کاری بەرچاون لە ناو دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم و بە گرنگیەوە لە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیان دەڕوانێت، لەم ڕوانگەیە و لە پێناوی گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی دروست لەم بارەیەوە لە ڕوویی یاسایی و کارگێڕیی وداراییەوە تا ئەم فەرمانبەرانەش، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەکانیان پارێزراو بێت. ئەنجومەن بڕیاری دا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی مەرج و ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییکردنی ئەو فەرمانبەرانە بكات کە بە ڕێکارە یاساییەکان دەتوانن ببنە هەمیشەیی و پێویستە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەش لە ماوەیەک کە لە 15 ڕۆژ تێپەڕ نەکات تەواو بکرێت و دواتر بخرێتەوە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات.

لە کۆتاییدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاپۆرتێکی پوختی پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کرد لەبارەی ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی وەزارەتەکەیان بۆ بەغدا تایبەت بە بابەتەکانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێم و بەگەڕخستنی پڕۆژەکانی بەنداو لە هەرێم و برەودان و دروستکردنی پڕۆژەکانی ئاودێریی لە هەرێم و سوود وەرگرتنی جووتیاران لە دەرفەتەکانی خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو و شاندی وەزارەتەکەی بۆ هەوڵ وماندووبونیان، جەختیکردەوە کە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە مافە دەستووریەکانی هەرێم دابین بکات لە سوودمەندبوون لە پڕۆژەکانی بەنداو و ئاودێریی و داکۆکیکردن لە ماف وشایستەکانی جووتیارانی هەرێم لە بەغدا بۆ وەرگرتنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم وسوودمەندبوونی جووتیاران لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە کشتوکاڵیانەی لە بەغدا بۆ جووتیارانی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەستەبەر کراون.