بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌وڵی ئاشتكردنه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕاوه‌ دابڕاوه‌كانی ده‌دات

K24 - هەولێر:

دلێر عەبدولخالق گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵسوڕاوانه‌ی له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ دابڕاون په‌یوه‌ندییان پێوه‌كراوه‌ و له‌ گفتوگۆی به‌رده‌وامدان.

لەبارەی بانگەوازی گۆڕان بۆ هەڵسوڕاو و ئەندامانی بزووتنەوەکەیان، دلێر عەبدولخالق گوتی: "ئەم بانگەوازە بە ئامانجی ئەوەیە رۆڵی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکەین، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیانمان بە رێگەی جیاواز بە دەم بانگەوازەکەوە هاتوون و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامە، لای هەموومان ئەو حەقیقەتە هەیە پێویستە بزووتنەوەی گۆڕان بەهێز بکرێتەوە، کە لە قازانجی پرۆسەی سیاسی و خەڵکی هەرێمی کوردستانە".

لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و رۆڵی گۆڕان، گوتەبێژی گۆڕان، گوتی: "کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی زیانی بە دۆزی کورد گەیاندووە، هەروەها بە پێگەی کورد لە بەغدا، وەکو گۆڕان چەند جارێک بانگەوازی ئەوەمان کردووە پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن بۆ چارەسەری کێشەکان".

دلێر عەبدولخالق، لەبارەی بۆچوونی بزووتنەوەکەیان سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "وەکو بزووتنەوەی گۆڕان داوای هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەین، کە رەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بێت، ئەمەش بەوە دەکرێت تۆمارێکی پاکی دەنگدەران هەبێت و پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان دیاری بکەن، هەروەها دەبێ کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێداویستیەکان ئامادە بکات".