هێزەکانی ڤاگنەر: هەزار و 200 مەتر لە سەنتەری شاری باخموتەوە دوورین

دیمه‌نێكی شه‌ڕی ئۆكرانیا
دیمه‌نێكی شه‌ڕی ئۆكرانیا

K24 - هەولێر:

فەرماندەی هێزەکانی ڤاگنەر رایده‌گه‌یه‌نێت، تەنیا هەزار و 200 مەتر لە سەنتەری شاری باخموتەوە دوورن.

لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا یێڤگنی پریگۆژین فەرماندەی هێزەکانی ڤاگنەر ئاشکرایدەکات، هێزەکانیان زۆر نزیکن لە کۆنترۆڵکردنەوی تەواوەتی شاری باخموت لە ئۆکرانیا.

پریگۆژین ئاماژەبەوە دەکات، تەنیا چاوەرێی گەیشتنی چەک و تەقەمەنی زیاتر دەکەن، بۆئەوەی سەنتەری شارەکەش کۆنترۆڵ بکەن.

فەرماندەی هێزەکانی ڤاگنەر کەسێکی نزیکە لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا و هەندێکجار وەک جێگرەوەی وەزیری بەرگری رووسیا ناودەهێنرێت و زۆربەی کات پێش وەزارەتی بەرگری رووسیا هەواڵەکانی جەنگ بڵاودەکاتەوە.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.