هەڵۆ چاوشین: سەرمایەی وەگەڕخراوی وەبەرهێنان زیاتر لە 70 ملیار دۆلارە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی لێکۆڵینەوە لە دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند، ئێستا سەرمایەی وەگەڕخراوی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 70 ملیار دۆلار.

هەڵۆ چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی لێکۆڵینەوە لە دەستەی وەبەرهێنان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا سەرمایەی وەگەڕخراوی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 70 ملیار دۆلار، پڕۆژە مۆڵەت پێدراوەکانی دەستەی وەبەرهێنان گەیشتووەتە  نزیکەی 1252 پڕۆژە.

چاوشین ئاماژەی بەوەشکرد، سێکتەری پیشەسازی 34.5%ـی کۆی گشتی سەرمایەی وەگەڕخراوی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، ئێمە لەدەستەی وەبەرهێنان دەمانەوێت ئەو ڕێژەیە بەرزتر بکەینەوە.

ئەو بەرپرسەی دەستەی وەبەرهێنان دەشڵێت: لە 26ـی 4ـی 2023، فەرمانێکی وەزاری لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەربارەی ڕاگرتنی پڕۆژەی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون دەرچوو. هەروەها لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکراوەتەوە، کە ئەمانەوێت ڕێڕەوی پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، لە پڕۆژەکانی سێکتەری نیشتەجێبوونەوە بگۆڕین بۆ سێکتەرەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی و گەشتوگوزار.

چاوشین ڕوونیشیکردەوە، لیجنەیەکمان لە هەرچوار پارێزگای هەرێمی کوردستان پێکهێناوە، لیجنکەمان لەهەولێر لێکۆڵینەوەی لە سێکتەری نیشتەجێبوون کردووە، لە سلێمانیش لێکۆڵینەوەیان لە سێکتەری پیشەسازی کردووە، لەدهۆکیش لێکۆڵینەوە لە سێکتەری کشتوکاڵ کراوە، بە نیازیشین لە پارێزگای هەڵەبجە لە سێکتەری گەشتوگوزاردا ڕاپۆرتی خۆمان پێشکەش کەین.

باسی لەوەشکرد، لەسەر هەر 13 سێکتەری هەرێمی کوردستان، ئێمە ڕاپۆرت و قسەی خۆمان دەبێت، بەڵام بەپێی پێشینەی کارەکان کە لە سلێمانی سێکتەری پیشەسازی ڕێژەیەکی زۆری هەیە ە لەهەولێر نیشتەجێبوون و لە دهۆک کشتوکاڵ ڕێژەیەکی باشی هەیە.