سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە

K24 – هەولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە 3/14، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکی وەزیرانی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کرد.

پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە کەشێکی ئەرێنی و هەوڵدانێکی جیددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ. گوتیشی ئەگەر نیاز و ویست و ئیرادە هەبێت، دەکرێ هەموو کێشەکان چارەسەربکرێن.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی کرد بۆ کارکردن لە سەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی ستایشی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی کرد، کە بە هاوکاری وهەماهەنگی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ئامادەکرا، هیواشیخواست ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە نزیکترین کاتدا پڕۆژە یاساکە وەکو خۆی پەسەند بکات.

سەرۆکی حکومەت هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران و کابینەی حکومەتی عێراقیش کرد، بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بەو هیوایەی ببێتە دەستپێکێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی دانیشتووانی هەڵەبجە .

سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، جەختی لەوە کردەوە کە دەرفەتێکی باش و ئارەزوو  ویستێکی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە کەشێکی دۆستانەدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەر کرا لەوانە، گرنگیی ئامادەکردنی هەردوو پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵ و یاسای نەوت و گاز ، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال وەکو خۆی و دەرچوونی هێز و میلیشیا چەکدارەکان و ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوی ناوچەکە، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس بەپێی دەستوور، بەتایبەتی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدانی کیمیاباران و ئەنفالکراوان و هەروەها پەرەپێدانی هەماهەنگیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

54654
5
76
67
76