وەزیری وزەی بەلجیکا بۆ کوردستان24: هەوڵی کەمکردنەوەی نرخی کارەبا لە ئەوروپا ده‌ده‌ین

K24 – بەلجیکا:

وەزیری وزەی بەلجیکا رایگەیاند، لەگەڵ کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا هەوڵی کەمکردنەوەی نرخی کارەبا لەسەر ماڵ و ناوچە پیشەسازییەکان دەدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە (28ـی ئادار/مارسی 2023)، تێنی ڤان دێر ستایتن، وەزیری وزەی بەلجیکا بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێکارەکانی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی غاز بەرێژەی 15% درێژدەکەنەوە و پشتیوانی پێشنیازی وڵاتی سوید بۆ هەنگاونان بەرەو بازاڕی هایدرۆجین، دەکەن.

ڤان دێر ستایتن راشیگەیاند، لەگەڵ کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا هەوڵی کەمکردنەوەی نرخی کارەبا لەسەر ماڵ و ناوچە پیشەسازییەکان دەدەن.

لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیرانی وزەی یەکێتی ئەوروپا، وەزیری وزەی بەلجیکا گوتی، "ئەمڕۆ دیدارێکی گرنگمان هەبوو چونکە باسمان لە درێژکردنەوەی رێکارەکانی باری لەناکاو بۆ کەمکردنەوەی داخوازی لەسەر غاز بەرێژەی 15% کردووە".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ڤان دێر ستایتن باسی لەوەکرد، لە بەلجیکا هەستیان بەوەکردووە کە بڕیاری کەمکردنەوەی داخوازی لەسەر غاز لەلایەن ماڵ و ناوچە پیشەسازییەکانەوە کاردانەوەی هەبووە، بۆیە پشتیوانی رێبازی گشتی دەکەن کە لەلایەن سویدەوە پێشکەشکراوە بە ئامانجی بەرەوپێشچوون بە ئاراستەی بازاڕەکانی هایدرۆجین.