زیرەکی دەستکرد دەتوانێت 300 ملیۆن پیشە لە جیهان پەكبخات

زیرەکی دەستکرد دەتوانێت 300 ملیۆن پیشە لە جیهان پەكبخات
زیرەکی دەستکرد دەتوانێت 300 ملیۆن پیشە لە جیهان پەكبخات

K24 – هەولێر:

هۆشداری دەدرێت، لە جیهان 300 ملیۆن پیشە لە داهاتودا پەکی دەکەوێت، چاوڕەواندەکرێت زۆرینەی دانیشتوانی جیهان بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە کارەکانیان لەدەست بدەن.

حکومەتی بەریتانیا پەرۆشە بۆ هاندانی وەبەرهێنان لە زیرەکی دەستکرد دەڵێت: "لە کۆتایدا بەرهەمهێنان زیاددەکات لەسەر ئاستی ئابووریدا".

حکومەتی به‌ریتانیاش لە هەوڵدایە خەڵک دڵنیابکاتەوە لە کاریگەرییە نەرێنیەکانی زیرەکی دەستکرد.

میدیا جیهانیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە کاریگەری زیرەکی دەستکرد له‌ داهاتوودا زۆر جیاواز دەبێت، بە پێی ئەو کەرتە جیاوازانەی کە تێێدا کار دەکرێت، چونکە دەتوانێت لە ٪46ـــی ئەرکە کارگێرییەکان، لە ٪44ـــی ئەرکە یاساییەکان، ٪6 لە کەرتی بیناسازی و ٪4 لە کەرتی چاکردنەوە پەکبخات.

میشێڵ دۆنیلان، وەزیری تەکنەلۆژیا و زانیاری بەریتانیا لەسەر ئەم پرسە بە رۆژنامەی زەسەنی راگەیاند:" ئێمە دەمانەوێت گرنگی بە زیرەکی دەستکرد بدەین، بۆ ئاسانکاری کاری رۆژانەی خەڵک، هەروەها زیادکردنی رێژەی هەلی کار، نەوه‌ک ببێتە هۆی ئەوەی خه‌لك بێ کار بن و زیره‌كی ده‌ستكرد شوێنی کارەکانیان بگرێتەوە".

کارڵ بینێدکت فرێی، بەڕێوبەری داهاتوی کارکردن لە زانكۆی ئۆکسفۆرد مارتن بە کەناڵی بی بی سی نیوزی وڵاتەکەی راگەیاند:"تاکە شت کە لێی دڵنیا نییم ئێستا نازانم زیرەکی دەستکرد دەبێتە جێگرەوەی چەند هەلی کار!".

دەشڵێت:"بەهۆی تەکنەلۆژیای جی پی ئێس و پلاتفۆڕمی ئۆبەر، زانینی هەموو نەخشەی شەقامەکانی لەندەن، زۆرینەی شۆفێران بە رێژەی ٪10  توشی  مووچە کەمکردنەوە دەبن، هەروەها پێشبینی دەکەم کە زیرەکی دەستکرد کاریگەریەکی زۆری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی داهێنانی ئادەمیزاد".

بەڵام تۆرستن بێڵ سەرۆکی جێبه‌جێکار لە دەزگای ریزۆلیشنز بۆ توێژینەوە، رایگەیاند، بەرەوپێشچوون و کاریگەرییه‌کانی زیرەکی دەستکرد زۆر خێرایە، بۆیە پێویستە هەمو پێشبینیە جێگیرکراوەکان بە جدی وەرگرین و ئاگاداربین.

ناوبراو دەشڵێت:"ئێمە نازانین کە چۆن تەکنەلۆژیا وا خێرا پێشدەکەوێت، یاخود کۆمپانیاکان چۆن تێکەڵی دەکەن لەگەڵ شێوازی کارکردنیان".

تۆرستن جەختیش لەوە دەکاتەوە:" کە زیرەکی دەستکرد بەو مانایە نایەت کە شێوازی کارکردنمان تێکنادات، بەڵکو پێوەستە سەرنجمان لەسەر دەستکەوتی بژێوی ژیان و کارکردن بێت، بە بەرهەمهێنانی خزمەتگوزاری زیاتر و تێچووی کەمتر لە ژیانی رۆژانەماندا".