عێراق و رووسیا رێککەوتنێک بۆ لێخۆشبوونی ڤیزا واژوودەکەن

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، واژووکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ ووڵاتی رووسیا راگەیاند، بە مەبەستی لێخۆشبوونی خاوەن پاسپۆرتی دیبلۆماسی و خزمەتگوزاری تایبەت لە ڤیزای چوونەژورەوە لە نێوان هەردوو وڵات.

ئەمڕۆ یەکشەمە(2ـــی نیسان/ ئێپریڵی2023)، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە میدیای عێراقی راگەیاند، لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا رێککەوتنێکمان واژووکردووە، سەبارەت بە لێخۆشبوونی خاوەن پاسپۆرتی دیبلۆماسی و خزمەتگوزاری تایبەت لە ڤیزای چوونەژوورەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، عەبدولرەحمان حوسێنی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری کارگێڕی و تەکنیکی، رێککەوتنەکەی لایەنی عێراقی واژووکردووە، لە هەمانکاتیشدا ئەلبیروس کۆتراشێف، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، وەک لایەنی رووسیا رێککەوتنەکەی واژووکردووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی دێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی پاسپۆرتی عێراقی هەروەکو لە کارنامەی حکومیدا هاتووە.