ئیستۆنیا یەکەیەکی سەربازی وڵاتەکەی لە هەولێر جێگیر دەکات

K24 - هەولێر:

مارتین هێرێم، فەرماندەی ‌هێزەکانی بەرگری ئیستۆنیا رایگەیاند، وەک بەشێک لە ئەرکی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش یەکەیەک لە هێزی بەتالیۆنی و هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئیستۆنیا لە هەولێر جێگیردەکەن.

فەرماندەی ‌هێزەکانی بەرگری ئیستۆنیا ئاماژەی بەوەشدا، لە یەکەم بەشی پرۆسەی جێگیرکردنی سەربازەکانیان 110 سەرباز جێگیردەکەن و پرۆسەکەش شەش مانگ دەخایەنێت.

هێرێم ئاشکراشیکرد، داعش و تیرۆر هەڕەشەی جددین بۆ تەواوی ئەوروپا و جیهان، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریش کاری لەپێشینەی ئیستۆنیا و هەموو هاوبەشەکانییەتی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

دووپاتیشیکردەوە، ئیستۆنیا هەمیشە پابەندبووە بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لەو پرسەدا، پابەندیشین بە چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک رووبەڕووی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان بێتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئیستۆنیاش رایگەیاند، ئەرکی هێزەکەی ئیستۆنیا پاراستنی بنکەکان، وەڵامدانەوەی خێرا و دابینکردنی ئاسایش بۆ راوێژکارە سەربازییەکان و کەسایەتییە تایبەتەکان.

ئیستۆنیا ساڵی 2016 بڕیاریدا بەشداری لە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بکات، پێشتریش لە 2003 تا 2009 بەشداری لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق کرد.