چین دژی سه‌ردانی سه‌رۆكی تایوان بۆ ئه‌مەریكا ده‌ستی به مانۆڕێکی سه‌ربازیی کرد
K24 - هەولێر:
دوای سەردانەکانی سەرۆکی تایوان تسای ئینگ-وێن بۆ ئەمەریکای ناوەڕاست و ئه‌مەریكا، سوپای چین دەستی بە مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشی هێزەکانی زەمینیی، ئاسمانیی و دەریایی وڵاته‌كه لە دەوروبەری دوورگەی تایوان كرد.
بەپێی هەواڵێكی تەلەڤیزیۆنی حكومه‌تی چین (CCTV)، فەرماندەیی بەرەی رۆژهەڵاتی سوپای رزگاریخوازی گەلی چین رایگەیاندووە، ئەو مانۆڕە سەربازییە كه ناوی "شمشێری هاوبەش"ی لێنراوه، "ئامانج لێی ئه‌وه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی هاوكات هێزە چەکدارەکانی چین لەرێگەی گەمارۆدان و فشار خستنه‌سه‌ر له هه‌موو لایه‌كه‌وه، کۆنترۆڵی دەریا و ئاسمان و زانیاریی دوورگه‌كه بکەن".
عه‌قید شی یی، گوتەبێژی فەرماندەیی بەرەی رۆژهەڵاتی سوپای رزگاریخوازی گەلی چین رایگه‌یاند: "ئەمە هۆشدارییەکی جددییە دژی هه‌ریه‌ك له هێزە جوداییخوازەکان کە داكۆكی لە سەربەخۆیی تایوان دەکەن و كاره ئیستفزازییه‌كانی ئه‌وان كه به یه‌كده‌ستیی تاوانكاریی لەگەڵ هێزه بیانییەکان ئه‌نجامیده‌ده‌ن".
وەزارەتی بەرگریی تایوان بڵاویكرده‌وه، لە نیوە شەوی رابردووەوە تا ئێوارەی ئەمڕۆ 71 فڕۆکە و نۆ کەشتی جەنگیی چین لە دەوروبەری دوورگەکە بینراون.
ئاماژه به‌وه دەکرێت پاتری موشەکه‌کانی هێزەکانی وشکانی سه‌ربه فەرماندەیی بەرەی رۆژهەڵاتی سوپای رزگاریخوازی گەلی چین، كه‌شتییه جه‌نگییه‌كان، كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگر و کەشتی مووشه‌كهه‌ڵگری هێزی دەریایی، هه‌روه‌ها له وشكانیشه‌وه سیستەمی مووشەکی دژە کەشتی هه‌روه‌ها فڕۆکە جەنگییەکان، فڕۆکەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و تانکەری هێزی ئاسمانیی و سیستمی مووشەکی ئاڕاسته‌كراو سه‌ربه هێزه موشەکییه‌كان له مانۆڕه‌كه‌دا بەشدارییان کردووه.
فه‌رمانگه‌ی ئاسایشی دەریایی پارێزگای فوچین کە دەکەوێتە بەرامبەر کەنارەکانی تایوان له چین رایگەیاندبوو، مانۆڕێکی سەربازیی بە بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی راستەقینە لە کەناراوەکانی شاری فۆکۆ لە باکووری گەرووی تایوان لە کاتژمێر 08:00 - 12:00 به كاتی ناوخۆ بەڕێوەدەچێت.
فه‌رمانگه‌کە ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، مانۆڕه‌كه رۆژانی 11، 13، 17 و 20ـی نیسان دووبارە دەبێته‌وه و داوا کرابوو سەرجەم کەشتییە مەدەنی و بازرگانییەکان لەو بەروارانەی ئاماژەیان پێکراوە نەچنە ناوچه‌كه.