سەرۆکی هوداپار هێرشێکی توند دەکاتە سەر هەدەپە و جەهەپە

زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار

K24 - هەولێر:

سەرۆکی هوداپار رایگەیاند، ئەوانەی بەهۆی کوردبوونەوە منداڵی ناو بێشکەیان کوشت و بوونی کوردیان رەتدەکردەوە لەگەڵ ئەوانەی بەناوی کوردەوە سیاسەت دەکەن ئێستا گەیشتوونەتە یەکدی.

ئەمڕۆ هەینی (14ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) رایگەیاند، ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەناوی کوردەوە سیاسەت دەکەن، لەپێناو ئایندەی سیاسی خۆیان شەڕیان لە دژی بیروباوەڕی کوردان هەڵگیرساندووە.

سەرۆکی هوداپار جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە، لە 14ـی ئایار دووبارە دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەدەنەوە و وەکو سەرۆک کۆماری داهاتووی تورکیا هەڵیدەبژێرنەوە.

زەکەریا یاپیجیئۆغڵو گوتی، "ئەوانەی زمانی کوردییان قەدەغەکرد و بوونی کوردیان رەتکردەوە و منداڵی نێو بێشکەیان کوشت لەگەڵ ئەوانەی بەناوی کوردەوە سیاسەت دەکەن گەیشتوونەتە یەکتر. کەسانێک سەریان سوڕماوە، بە بۆچوونی من پێویست بە سەرسوڕمان ناکات، چونکە ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەناوی کوردەوە سیاسەت دەکەن، لەپێناو ئایندەی سیاسی خۆیان شەڕیان لە دژی بیروباوەڕی کوردان هەڵگیرساند، لەپێناو سەرکوتکردنی کورد منداڵی نێو بێشکەیان گولـلـەباران کرد".

ئەو قسانەی سەرۆکی هوداپار روو لە نزیکبوونەوەی هەدەپە و جەهەپە بوو کە بەشێوەیەکی رانەگەیەندراو پشتیوانی لە کاندیدکردنی کەمال کڵچدارئۆغڵو دەکەن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لەدژی ئەردۆغان.

هەروەها زەکەریا یاپیجیئۆغڵو گوتی، "ئەوانە بیروباوەڕیان هەر هەمان شتە و لەرووی ئایدۆلۆژیاوە ناسیاوی یەکترن و پێکەوە هەنگاودەنێن. پشت بە خوا لە 14ـی ئایار هەموو ئەو ئایدۆلۆژیانە بە گشتی شکست دێنن و لە هەڵبژاردنەکاندا سەرناکەون".

بۆ هەڵبژاردنەکانی 14ـی مانگی داهاتوو، هوداپار پشتیوانی لە ئەردۆغان دەکات لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا و لە چوارچیوەی لیستی ئاکپارتیش کاندیدەکانی خۆی دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.