سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەکات

دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راپۆرتی لیژنەی دارایی سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجەی پێگەیشت و لە دانیشتنی سبەی یەکشەممەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساکە دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە (15ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راپۆرتی لیژنەی دارایی سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجە بەدەستگەیشتووە و لە دانیشتنی سبەی یەکشەممەدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکەن.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

قەبارەی بودجەکە بە گشتی زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە، لەو بڕەش پشکی هەرێمی کوردستان %12.67ـە، هەروەها کورتهێنان لە بودجە 63 ترلیۆن دینارە، تێکڕای داهاتی عێراق 134 ترلیۆن دینارە.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

دوای رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاند، نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریی کراوە و گوتی: "لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بڕی نەوتی هەناردەکراو، رۆژانە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دیاریی کراوە، لەو ژمارەیە 400 هەزار بەرمیل لەڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت".

باسی لەوەش کردووە، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەملێنراوە و داهاتی نا نەوتیش، 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینارە.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆی خەرجییە پێشنازکراوەکان، 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە، خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان 47 تریلیۆن و 555 ملیار دینارە.