عەبدولڕەحمان سدیق: کوالێتیی هەوای کوردستان لە ئاستی 'مامناوەندە'

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24

K24 - هەولێر:

سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کوالێتیی هەوای کوردستان لە ئاستی 'مامناوەندە' و پیسبوونی هەوا لە پلەی یەکەمی مەترسییەکانی سەر ژینگەی هەرێمدا دێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بەشداریکرد لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24، کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی دەکرد. لەبارەی رۆژی ژینگەی هەرێمی کوردستان قسەیکرد و رایگەیاند، نەمانی ئاو، پیسبوونی خاک و پیسبوونی هەوا مەترسی جددین بۆ سەر ژینگەی هەرێم.

سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە کارنەمەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا داوا لە ئێمە کراوە کار لەسەر دوو بوار و تەوەری سەرەکی بکەین؛ بە کەلتوورکردنی ژینگە پارێزی و کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان."

بەگوتەی عەبدولرەحمان سدیق، رێکخراوەکانی (جی ئای زێت)ـی ئەڵمانی و (ئێف ئێم ئای)ـی فێنلەندیی بۆ ماوەی دوو ساڵ هەوای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیان تێستکردووە و پێیان گوتوون، بەپێی ئامارەکانیان کواڵێتیی هەوای کوردستان نە لە ئاستێکدایە، "کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بترسێنین و بڵێین مەترسیدارە و لە حاڵەتێکیشدا نین، بڵێین دڵنیاین، ئێمە لە حاڵەتی مامناوەنداین و ئەم مامناوەندە وامان لێدەکات لە خەمی هەوادا بین".

لەبارەی مەترسییەکانی سەر ژینگەی هەرێمی کوردستان، عەبدولرەحمان سدیق ئاماژەی بەوەکرد، پیسبوونی هەوا لە پلەی یەکەمی مەترسییەکانی سەر ژینگەی هەرێمی کوردستان دێت، "چونکە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هۆکاری گواستنەوەی گشتیمان تا ئەم رادەیە زۆر کەمە."

 ئەوەشی خستەڕوو:  ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ داهێنان ب باشترکردنی گواستنەوەی گشتی. ئێمە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلمان هەیە، بەشێکی زۆری هۆکاری تایبەتە. لەبەر ئەوە پیسبوونی ژینگە دەچێتە خانەی یەکەم. هاوکات زیادبوونی پیشەسازی و ژمارەی کارگەکان و چڕبوونەوەی دانیشتووان لە ناوەندی شارەکاندا کاریگەری دەکەنە سەر کواڵێتیی هەوا.

 

 

لەبارەی پرسی ئاوەوە و کاریگەریی لەسەر ژینگەی کوردستان، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، کارنامەی کابینەی نۆیەم لەبارەی پرسی ئاوەوە بە سەرکەوتووانە جێبەجێکراوە، ئەمەش بە دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان. گوتیشی، بارانی ئەمساڵ "بەخەسار" نەچووە و بڕێکی زۆری کۆکراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، لەبارەی پرسی پیسبوونی خاک، عەبدولڕەحمان سدیق ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ماددەکان لە پەینی کیمیاییەوە بۆ پەینی سروشتی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرپرسی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، ئەوان لە ساڵێکدا تەنها رۆژێک گرنگی بە ژینگە نادەین، بەڵکو بە درێژایی ساڵ کاری بۆ دەکەن، "لە رۆژی ژینگەدا ئێمە تەنها کار و چالاکییەکانمان دەخەینەڕوو، واتا هەوڵمانداوە بڵێین لە ساڵێکدا تەنها رۆژێکمان نییە بۆ ژینگە، بەڵکو تەواوی رۆژەکانی ساڵمان بۆ ژینگە تەرخان کردووە."