نرخی نەوتی برێنت بۆ 86.48 دۆلار بەرزبووەوە

K24 – هەولێر

لە سەرەتای هەفتەدا نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

نرخی نەوت لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان دا بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 0.2 بۆ 86.48 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی سەدا 0.2 بۆ 82.66 دۆلار بەرزبووەوە.

بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمی رۆژانە لەلایەن ئۆپێک پڵەس کاریگەریەکانی بەردەوامە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی کردووە، لەمساڵدا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات و بەرزدەبێتەوە بۆ 101 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل.