هەڵبژارنەکانی تورکیا دەبێتە یەکێک لە گرنگترین رووداوەکانی 2023

هەڵبژاردنەکانی تورکیا
هەڵبژاردنەکانی تورکیا

K24 - هەولێر:

هەڵبژاردنەکانی تورکیا نەک تەنیا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە، بەڵکو لە دەرەوەش بووەتە جێگەی سەرنجی میدیاکانی جیهان و بەشێکیان پێیانوایە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار گرنگترین رووداوی ساڵی 2023 دەبێت.  

ماڵپەری پۆلیتیکۆ راپۆرتێکی شیکاریی بە ناونیشانی "گرنگترین هەڵبژاردنی ساڵی 2023: تورکیا" کردووەتە، جەختی لەوە کردووە کە 14 ئایار گرنگییەکی مێژوویی هەیە و کاریگەرییەکی زەقی بەسەر جیهانەوە دەبێت.

لەراپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە، رکابەرێتییەکە تا دێت گەرمو گوڕتر دەبێت و بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبنە هۆکاری ئاراستەکردنی رۆڵی ناتۆ لە تورکیا، پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و رووسیا، سیاسەتی کۆچ، رۆڵی ئەنقەرە لە شەڕی ئۆکرانیا و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای سپی. 

هەروەها رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپۆرتێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئامادە کردووە و جەختی لەوە کردووە، کە هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەبێتە هۆی دووبارە داڕشتنەوەی ئەو وڵاتە.

لەلایەکی دیکەوە ئاماژەیەکی تایبەتی بە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا داوە و رایگەیاندووە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە ساڵی 2010ـەوە سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە و بەشێوەیەکی بەردەوام لە هەڵبژاردنەکاندا بەرامبەر بە ئەردۆغان شکستی هێناوە. 

لە راپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە، ساڵی 2009 کڵچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ شکستی هێناوە لەکاتێکدا ئەو پارێزگایە گەورەترین ناوەندی ئابووری تورکیایە. لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵانی 2014 و 2018ـشدا لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادا شکستەکان بەرامبەر بە ئەردۆغان دووبارەبوونەتەوە. هەروەها نەیتوانیوە ژمارەی کورسییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە، و لەگەڵ ئەوەشدا دوو ریفراندۆمی دۆڕاندووە کە بووە هۆی فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی ئەوردۆغان. 

بڕیارە لە 14ـی ئایار هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت، ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانیەتی کۆمارە و کڵچدارئۆغڵوش کاندید هاوپەیمانیەتی میللەتە، چاوەڕێ دەکرێت هەڵبژاردنەکان لە گەڕی یەکەم یەکلایی نەبێتەوە و بۆ گەڕی دووەم بمێنێتەوە چونکە هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی کۆمار پێویستە زیاتر لە سەدا 50ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت