ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو هێرشی توند دەکەنە سەریەکتر

کڵچدارئۆغڵو و ئەردۆغان
کڵچدارئۆغڵو و ئەردۆغان

K24 - هەولێر:

103 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا تێدەپەڕێت و ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو هێرشی توند دەکەنە سەر یەکدی و تادێت بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاودەنێت، دوای ئەوەی کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی ئێستای تورکیا بە "تاکڕەویی" تۆمەتبارکرد، ئەردۆغانیش لە وەڵامدا تۆمەتباریکرد بە بەڵێندان بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان و دەمیرتاش.

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی هاوپەیمانێتی میللەت بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە دانیشتنی نائاسایی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پەرلەمان کەوتووەتە ژێر سێبەری رژێمی تاکڕەویی کەسێک.  

کڵچدارئۆغڵو گوتی، "پەرلەمان کەوتووەتە ژێر سێبەری رژێمی تاکڕەویی کەسێک. بڕیاری یاسادانانیشی رادەستی رژێمی تاکڕەوی کراوە، لەو چوارچێوەیدا بێلایەنی دادگاکان، ئازادی رادەربڕین، ئازادی رۆژنامەوانان و سیستەمی پەروەردەیی سیکولار و زانست لەنێوبراوە. لەبڕی دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو، کەسانیک لەسەر بنەمای نزیکی و واستە و واستەکاری لە دامەزراوەکانی حکومەت دامەزرێندراون. هاوکات گەندەڵی وەکو تاکە رێگا بۆ خەرجیەکان چەسپێندراوە. دوای 14ـی ئایار وڵآتەکەمان دووبارە هەستی ژیان بەدەست دێنێتەوە". 

لە بەرامبەردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و کاندیدی هاوپەیمانێتی کۆمار رایگەیاند، کڵچدارئۆغڵو لەپێناو نانەوەی ئاژاوە رۆژانە فیتنەی نوێ دروست دەکات و بۆی روون بووەتەوە کە دووبارە شکست دێنێتەوە. 

ئەردۆغان رایگەیاند، "کەمال کڵچدارئۆغڵو بە جددی باوەڕی وابوو کە دەبێت بە سەرۆک کۆماری تورکیا، بەڵام ئێستا بۆی روونبووەتەوە کە دووبارە لە سندوقەکانی هەڵبژاردن شکست دێنێت. لەپێناو نانەوەی ئاژاوە لە نێوا هاووڵاتییانمان رۆژانە فیتنەی نوێ دەخاتە نێو خەڵک. باسی کورد دەکات و هانیان دەدات لەکاتێکدا برایانی کورد جیاکارییان بەرامبەر ناکرێت، جیاوازی لەنێوان هیچ پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و ئاینی ناکەین. لەلایەکی دیکەوە باس لە مەزهەبی خۆی دەکات لەکاتێکدا هیچ کەسیک ئاماژەی بە مەزهەبەکەی نەداوە. هەوڵ دەدات ئەمانە بۆ مەرامی کەسیی خۆی  بەکاربهێنێت". 

هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆپۆزیسغۆن دەیەوێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئازاد بکات. سەرۆک کۆماری تورکیا راشیگەیاند، پێویستە کەماك کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی هاوپەیمانی میللەت ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هەدەپە ئاشکرا بکات.

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، "پێویستە لە لایەنگرانی جەهەپە بپرسین، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە پەرلەمان بۆچی لەگەڵ درێژکراوەکانی پەکەکە کۆبووەوە؟ بۆچی کۆبوونەوەکە لە پەرلەمان کرا و لە ناوەندی سەرەکی بەڕێوەنەچوو؟ لە کۆبوونەوەکەدا باسی چی کرا؟ چییان کرد؟ پێویستە ئاشکرا بکەیت بەڵام ناتوانیت. باس لەوە دەکەن کە سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەکەن لەکاتێکدا تاوانبارە بەوەی بووەتە هۆی کوژرانی 51 هاووڵاتی لە دیاربەکر. باس لەوە دەکەن کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەردەستەی پەکەکە ئازاد دەکەن. ئێرە دەوڵەتی تیرۆر نییە، تورکیا بەهیچ شێوەیەک یاریی بەردەستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان نییە".

گوشارەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر بە یەک سەرەڕای 103یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا، هێوربوونەوەی بەخۆوە نەبینیوە و پرسی هەڵبژاردنەکان سەرجەم رۆژەڤەکانی دیکەی بەلاوە ناوە. بریارە 14ـی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی راپرسییەکان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو چەند خاڵێکی کەم جیاوازییان هەیە، چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، گوشارەکان زیاتر بێت و کەشی سیاسی تورکیا ئاڵۆزتر بێت.