پۆلیسی بەلجیکا کۆچبەرێکی عێراقی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیردەکات

وێنە AFP
وێنە AFP

K24 - هەولێر:

داواکاری گشتی بەلجیکا رایگەیاند، پۆلیسی بەلجیکا کۆچبەرێکی عێراقی دەستگیرکردووە، کە گومانی لێدەکرێت سەر بە شانەیەکی رێکخراوی قاعیدە بێت.

ئەمڕۆ هەینی داواکاری گشتی بەلجیکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، تۆمەتبارەکە بە ناوی (O.Y.T) ناسراوە و لەدایکبووی ساڵی 1979ـیە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو دەستگیرکراوە، کاتێک پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵێک لە شارۆچکەی هاسێلت لە رۆژهەڵاتی بەلجیکا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پێدەچێت ئەو تۆمەتبارە بەشێک بێت لە شانەیەکی رێکخراوی قاعیدە "کە بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی چەند کردەیەکی تیرۆرستی لە ناوچەی سەوزی بەغدا لە عێراق، لە ساڵانی 2009 و 2010 کە بەهۆیەوە نزیکەی 376 کەس کوژران و زیاتر لە دوو هەزار و 300 کەسی دیکەش برینداربوون".

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، گومان دەکەن ئەو تۆمەتبارە عێراقییە هەوڵی بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێل و باڵەخانە حکومییەکانی لە عێراق دابێت و لەبارەی ئەو بەڵگانەی لەسەری هەیە بەدواداچوونی زیاتر دەکەن.

داواکاری گشتی بەلجیکا روونیکردووەتەوە، ئەو کەسە عێراقییە لە ساڵی 2015ـەوە وەک پەنابەر لە بەلجیکا نیشتەجێ بووە و لە ساڵی 2020ـەوە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا دەستیپێکردووە.