زیاتر لە پێنج ملیۆن گەنج بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا دەکەن

گەنجێکی تورکی دوائ ئەوەی لە وڵاتی کوێت دەنگی بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023ـی تورکیا دا | وێنە: AA
گەنجێکی تورکی دوائ ئەوەی لە وڵاتی کوێت دەنگی بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023ـی تورکیا دا | وێنە: AA

 K24 - هەولێر:

کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێن، دەنگی گەنجان بەدەست دەهێنن و زۆرێک لەو سیاسەتمەدار و پارتانەی کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی 14ی ئایاردا کێبڕکێ دەکەن، ئەو گوتەیە دووبارە دەکانەوە.

بەڵام کەس نابێ دڵنیابێت لەوەی دەنگی زۆربەی گەنجان بەدەست دەهێنێت، چونکە ئەم نەوەیە بەوە ناسراوە کە حەز و ئارەزووی تەواو جیاوازە لەوەی کە زۆربەی سیاسەتمەداران بیری لێدەکەنەوە.

زۆرینەی گەنجان ئەوەندەی سەرقاڵی سیاسەت نین ئەوەندەی سەرقاڵی دۆزینەوەی کەرەستەی تەکنەلۆژیان وەک مۆبایل و کۆمپیوتەری تابلێتن، بە نرخێکی هەرزان، هەروەها زۆر سەرقاڵی داهاتوو و دەرفەتەکانی ژیانن لە تورکیا، هەروەها چاویان لە دەرفەتەکانی کۆچکردنە بۆ دابین کردنی ژیانێکی باشتر.

ژمارەی ئەو گەنجانەی کە بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023 تورکیادا بەشدار دەبن و دەنگ دەدەن، دەگاتە 5.2 ملیۆن گەنج، کە دەکاتە 7.5%ی کۆی دەنگدەران، کە ژمارەیان 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 دەنگدەرە.  ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بچێتە خولی دووەم، 47 هەزار گەنج کە تەمەنیان گەیشتووەتە 18 ساڵ دەخرێنە لیستی دەنگدەرانەوە.

هەموو ئەمانە لەژێر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەدایک بوون و هیچ گۆڕانکارییەکیان نەبینیوە، زۆریشیان لە سیاسەت بێزارن، رۆژنامە ناخوێننەوە و پەخشی هەواڵەکان لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان سەیر ناکەن، زیاتر پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە دەزگای توێژینەوەی ئابووری و سیاسی تورکیا ئامادەیکردووە، زۆربەی ئەو گەنجانەی بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن، لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا چڕبوونەتەوە کە زۆرینەی کوردن، هەروەها بەرزترین وڵاتەکانیش کە تیایدا هەن رێژەیەکی زۆر لە گەنجان بریتین لە شرناخ، هەکاری، سیرت و ئاگری، لە کاتێکدا ئەو شارانەی کەمترین ژمارەی گەنجیان هەیە بریتین لە موگلا، ئۆردو، بالیکێسیر، ئیزمیر و بورسا.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، یەک ملیۆن و 166 هەزار دەنگدەری گەنج لە ئیستانبوڵن، کە سەرۆک شارەوانییەکەی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو کاندیدی پۆستی جێگری سەرۆکایەتیە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لای گەنجان جێی بایەخە و دووپاتی دەکاتەوە کە هەڵبژاردنی داهاتوو هەڵبژاردنی لاوانە و 285 هەزار لە ئیزمیر و 176 هەزار لە ئەنقەرە بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن.

راپرسییەکان دەریانخستووە کە تەنها لەسەدا 20ی گەنجان پشتگیری لە کاندیدی هاوپەیمانی "گەل"ی ئەردۆغان دەکەن و بەو هۆیەوە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دەستیکردووە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی رووبەڕوو لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجدا.