تورکیا رەتی دەکاتەوە سەرجەم پەنابەرانی سووریا بگەرێنێتەوە وڵاتەکەیان

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی تورکیا رەتیدەکاتەوە سەرجەم پەنابەرانی سووریا بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان، تەنانەت ئەگەر پرسی ئاساییکردنەوەش لەگەڵ دیمەشق تەواو بێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی هەندێک کەرت لە تورکیا بۆ هێزی دەستی کار، بەتایبەتی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی.

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: راست نییە بڵێین تورکیا هەموو پەنابەرانی سووریا دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان، ئاماژەی بەوەشکرد، کەرتەکان لە تورکیا وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی، پێویستیان بە کرێکار هەیە.

سەدان هەزار سووری لە زۆرێک لە سێکتەرە جیاوازەکانی تورکیادا، بە مووچە 8 هەزار و 500 لیرەی تورکی کاردەکەن، بەبێ ئەوەی خاوەن کارەکان تێچووی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی  بدەن، بۆیە زۆرێک لە خاوەن کارگەکان و کۆمپانیاکان رۆیشتنیان رەتدەکەنەوە.

جگە لەوەش بازرگانانی سووریا بەشدارییان کردووە لە بوژاندنەوەی ئابووری هەندێک لە شارەکانی تورکیا بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان، وەکو غازی عەنتاب.

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەشڵێت: تورکیا رێوشوێنی پێویستی لە سنوورەکانی لەگەڵ سووریا و ئێران گرتووەتەبەر و کێشەی کۆچبەری بە "وتاری رق و کینە یان رێگەی پۆپۆلیستی" چارەسەر ناکرێ.

تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە یەکشەممەی داهاتوو 28/5/2023، بەڕێوەدەچێت و دۆسیەی سووریاش گۆڕاوە بۆ بڕگەی یەکەمی بانگەشەکانی پڕوپاگەندە، بەتایبەتی لەلایەن کەمال کڵچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کە قسەکانی چڕتر کردووەتەوە بەرامبەر بە پەنابەران، هەروەها سوێندی خواردووە "10 ملیۆن پەنابەر و کۆچبەر بە یەکجاری دیپۆرت بکاتەوە".

ئەردۆغان چەند رۆژێک لەمەوبەر باسی لە گەڕانەوەی زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەر کرد، بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا و لایەنگرەکانیدایە.