عوسمان بایدەمیر: گرنگ بوو کورد کاندیدی بۆ سەرۆکایەتی تورکیا هەبووایە

عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری کورد
عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری کورد

K24 - هەولێر

عوسمان بایدەمیر بە گرنگی دەزانێت لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کورد کاندیدی هەبووایە. دەشڵێت، بۆ ئەوەی کورد بە ئامانجەکانی بگات، پێویستە یەکدەنگ و یەکگرتوو بێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی ئایاری 2023، عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری کورد بە کوردستان24ـی راگەیاند، گرنگ بوو لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کاندیدی هەبووایە و لایەنە سیاسییە کوردییەکان پشتگیرییان بکردبایە.

بایدەمیر ئاماژە بەوەش دەدات، بە سەرکەوتنی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و بە کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمان لەلایەن ئاکپارتی و مەهەپەوە، کورد لە تورکیا دەتوانێت هەناسەیەک هەڵبمژێت و بەشێک لەو یاسایانەی لە بەرژەوەندی کوردن لە پەلەمان هەوڵی پەسەندکردنیان بدات.

لەبارەی ئایندەی دۆخی کورد لە تورکیاش، عوسمان بایدەمیر گوتی، کورد پێویستە یەکگرتوو و یەکدەنگ بێت بۆ ئەوەی بگاتە  ئامانجەکانی.

وەکو ئەوەی بایدەمیر باسی دەکات، گەلی کورد هەموو کاتێک ویستوویەتی بوونی خۆی بسەلمێنێت و بە شێوەیەکی ئاشتییانە لەگەڵ دراوسێکانی بژیت و مافەکانی بۆ دابینبکرێن.

 

 

ئەمڕۆ گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت، هەر یەک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا.

لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا زیاتر لە 60 ملیۆن و 904 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، 47 هەزار دەنگدەر لە رووی تەمەنەوە بۆ یەکەمجارە بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان دەکەن.

بۆ پرۆسەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، 191 هەزار و 884 هەزار سندووقی دەنگدان لە تورکیا دانراون.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.