رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و راوێژکارى تایبەتی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه‌

K24 - هەولێر:

له‌باره‌ی بە دۆکیومێنتکردنی تاوانەکانى داعش، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و راوێژکارى تایبەتی سکرتێری گشتی UN، جەخت لە پڕۆژەى ئەرشیفکردن و بەدیجیتاڵکردنى بەڵگه‌نامه‌ پەیوەسته‌كانی تایبه‌ت بە تاوانەکانى داعش دەکەنەوە.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 29ـی ئایارى 2023)، کریسچن ریتشەر راوێژکارى تایبەت و سەرۆکى تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش، (UNITAD)  لە هەولێر، له‌گه‌ڵ دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، تاووتوێی پڕۆژەى ئەرشیفکردن و بەدیجیتاڵکردنى بەڵگه‌نامه‌ پەیوەسته‌كانی تایبه‌ت بە تاوانەکانى داعشیان كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر دامەزراندنى پسپۆڕانى نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە، بۆ سوود وەرگرتن لە شارەزاییان لەگەڵ تیمەکانى (UNITAD)، هەروەها بەشداریپێکردنى نوێنەرانى حکومەتى هەرێم لە لیژنەى هەماهەنگیکارى نیشتمانى لە کۆبوونەوە و بۆنە نێودەوڵەتییەکانى تایبەت بە ناساندنی تاوانەکانى داعش، لەوانەش ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیاروایە لە سەرەتاى مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ لە نیویۆڕک بەڕێوە بچێت سەبارەت بە بەکارهێنانى چەکى کیمیایی لەلایەن داعشەوە.

له‌ دیداره‌كه‌دا دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، پڕۆژەى ئەرشیفکردن و بەدیجیتاڵکردنى ئەو بەڵگانەی پەیوەستن بە تاوانەکانى داعش، کە لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانى هەرێمی کوردستان پارێزراون، پێشکەوتنێکى باشى بەدەستهێناوە و لە هەمانکات دا چاوپێکەوتن لەگەڵ گیراوانى داعش لە ئێستادا کاری لەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی بەپێی پڕۆتۆکۆڵى لێکۆڵینەوەى (UNITAD)و بنەما نێودەوڵەتییەکان ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت و بە مەبەستی دامەزراندنی فەرمانگەى پاراستنى شایەتحاڵەکان، رەشنووسى پڕۆژە یاسایەک لە هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە.

لەلایەن خۆشیەوە راوێژکارى تایبەت و سەرۆکى تیمى لێکۆڵینەوە، ستایشى نووسینگەى رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لە پیشکەشکردنى ئاسانکاری و پاڵپشتی بۆ چالاکییەکانی تیمەکانی (UNITAD) لە هەرێم و کوردستان و رایگەیاند، گەشبینن بەوەى کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتە بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ تاوانبارانی داعش بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

کریسچن ریتشەر، ئەوەشی خستەڕوو، دادوەرەکانی هەرێمی کوردستان سوودیان لەو خولانە وەرگرتووە کە پێشتر لە رێگای (UNITAD)ەوە بەشدارییان تێیدا کردووە و توانای دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعشیان هەیە.