چاوشئۆغڵو بۆ سوید: هەنگاوی کرداری بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بگرنەبەر

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی تورکیا، داوای لە سوید کرد، بەرپرسیارێتییەکانی لە یاداشتنامەی سێقۆڵی بەجێبگەیه‌نێت و هەنگاوی کرداری بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بگرێتەبەر.

مەولود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، لە پەیامێکیدا لە هەژماری خۆی لە تویتەر، وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی سوید، تۆبیاس بیلسترۆمی دایەوە، کە لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە ئۆسلۆ پایتەختی نەرویج دابووی.

لە پەیامەکەی چاوشئۆغڵودا هاتووە: "پەیامێکی زۆر روون بۆ دۆستە سویدییەکانمان، بەرپرسیارێتییەکانتان لە یاداشتنامەی سێقۆڵی بەجێبگەیه‌نن و هەنگاوی کرداری بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بگرنەبەر، ئەوکات پرسەکانی دیکە چارەسەر ده‌بن".

بیلسترۆم لە پەیامێکیدا لە تویتەر سەبارەت بە کۆبوونەوەکە گوتبووی: "کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە ئۆسلۆ، پاڵپشتییەکی بەهێزی وڵاتانی ئەندام سەبارەت بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ نیشاندا. ئەمە، پەیامێکی روونە بۆ تورکیا و هەنگاریا سەبارەت بە دەستپێکردنی پرۆسەی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ".

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە کۆبوونەوەیەکی نافەرمیدا لە ئۆسلۆ بەیەکگەیشتن و تاوتوێی ئامادەکارییەکانی لووتکەی ڤیلنیوس دەکەن کە لە 11-12 تەمموز ئەنجامدەدرێت.

دوای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی رابردوو، سوید و فینلاند کە هەردووکیان سنووری ئاوییان لەگەڵ رووسیادا هەیە، بڕیاریان دا بۆ پاراستنی خۆیان پەیوەست بە ناتۆوە بن.

لە سەرەتاوە تورکیا دژی ئەندامەتی هەردوو وڵات بوو دەنگی بۆ پەسەندکردنی داواکەیان نەدا.

پێشتر سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتین گوتبووی: ''پەیوەست بوونی سوید و فینلاند بە ناتۆ هیچ مەترسییەکی بۆسەر رووسیا نابێ، به‌ڵام ئەگەر ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ژێرخانی سەربازی لەو دوو وڵاتە بەهێز بکات، مۆسکۆ وەڵامی دەداتەوە''

لە بەندی 5ی هاوپەیمانێتی ناتۆدا هاتووە کە هێرش بۆ سەر هەر وڵاتێکی ناتۆ وەکوو هێرشکردنە بۆ گشت وڵاتانی ئەندامی ناتۆ.