ئێران سێ کەسی ئەوروپی بەرامبەر دیپلۆماتکارێک ئازاد دەکات

ئازاد کردنی "ئۆلیڤیێر ڤاندکاستێل"
ئازاد کردنی "ئۆلیڤیێر ڤاندکاستێل"

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی ئێران هاووڵاتییەکی دانیمارکی و دوو هاووڵاتی نەمسایی بەڕەچەڵەک ئێرانی ئازاد کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، گەیشتنە بەلجیکا و لەلایەن وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، حاجە لەحبیب و دیپلۆماتکارانی دانیمارکی و نەمسایی پێشوازییان لێکرا.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووە، فڕۆکەیەکی بچووک کە لە مەسقەتی پایتەختی عومانەوە، ئەو سێ کەسەی هەڵگرتووە و لە فڕۆکەخانەی سەربازی میڵسبروک لە برۆکسل نیشتووەتەوە.

گوتەبێژی حکومەتی بەلجیکا رایگەیاند کە ئێران سێ ئەوروپی دیکەی لە بەرامبەر ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دیپلۆماتکاری ئێرانی ئازاد کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان ئێران و بەلجیکا کە هەفتەی رابردوو ئۆلیڤیێر ڤاندکاستێلی بەلجیکی کرێکاری فریاگوزاری ئازاد کرا.

گوتەبێژەکە روونیشیکردەوە، ئەو بابەتە پەیوەندی بە دوو کەسەوە هەیە کە خاوەنی دوو رەگەزنامەن، نەمسایی و ئێرانی، جگە لە کەسێکی دانیمارکی.

پێشتر ئەلێکساندەر دی کرۆ، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوبوو، "ئێستا بەلجیکا ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەکە لە رێگەی سەڵتەنەی عومانەوە بۆ بەلجیکا رێکدەخات".

ئەسەدی لە ساڵی 2021، لە بەلجیکا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێک لە فەرەنسا سزای 20 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ئێرانیش گوتی: تۆمەتەکەی هەڵبەستراو بووە.

حکومەتی بەلجیکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا ئەو دانیمارکییەیان لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بە مافەکانی ژنان لەوێ دەستگیرکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی نەمسا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هاووڵاتیان کامەران قادری و مەسعوود موساحێب دوای 2709 و 1586 رۆژ لە زیندان ئازاد کراون.

موساحێب و قادری بە تۆمەتی سیخوڕیی 10 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا، موساحێب هاوسەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی ئێران و نەمسایە، قادریش بازرگانە.

میدیاکانی ئێران لە زاری کازم غەریب ئابادی سکرتێری کۆمسیۆنی مافی مرۆڤەوە بڵاویانکردەوە، ئەو سێ کەسە بە پاساوی مرۆیی ئازاد کراون.