په‌نابه‌رێكی كورد له‌ پەرلەمانی ئەوروپا باس له‌ پرسی كورد ده‌كات

K24 - برۆکسل

بەهرۆز بوچانی، پەنابەرێکی کوردە، بۆ ماوەی شەش ساڵ لە دورگەیەکی ئوسترالیا زیندانی كرابوو، دواتر بەرزترین خەڵاتی ئەدەبی ئەو وڵاتەی وەرگرت.

بوچانی لەناو زینداندا لە رێگای ڤیدیۆکانی و نووسینی کتێبی (هیچ هاوڕێیەک نییە جگە لە شاخەکان) ناوبانگی پەیدا كرد، كتێبەكەی لەسەر ئاستی جیھان دەنگدانەوەی ھەبوو، لە ساڵی 2019 بەهرۆز بوچانی توانی بەرزترین خەڵاتی ئەدبیاتی ئوسترالیا وەربگریت كە خەڵاتی (ڤیکتۆری بۆ ئەدەبی) بوو.

ئەو پەنابەرە کوردە، شەش ساڵ لە زیندانیکی تاریکدا ژیاوە، رۆژی 6ی حوزەیران لەناو پەرلەمانی ئەوروپا میوانداری کرا و بەشداری لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە پرسی کورد کرد، بەهرۆز دەڵێت: لە هەموو شوێن و کاتێکدا نابێت هەرگیز رەگ و ریشەی کوردبوونمان لەبیر بکەین.

بەهرۆز بوچانی، بە کوردستان24ی گوت: "راستە وەکو کورد لە بواری جوگرافیادا دابەشبووین، بەڵام لە رووی فەرهەنگ  و زمان توانیومانە زیاتر لە یەکتر نزیکبینەوە".

بەهرۆز بوچانی لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، نووسەر و رۆژنامەوانە، لەساڵی 2013 لە زیندان چەند ڤیدیۆ و کتێبێکی بەناوی ( هیچ هاوڕێبیەک نیە جگە لەشاخەکان)ی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەیەكی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.