ترەمپ بەتۆمەتی شاردنەوەی بەڵگەنامە نهێنیەکان دادگایی دەکرێت

K24 - هەولێر

داواکاری گشتی تایبەت لە ئەمەریکا داوا دەکات بەپەلە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دادگایی بکرێت.

رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، دۆناڵد ترەمپ تۆمەتبارکراوە بە هێشتنەوەی بەڵگەنامە نهێنیە سەربازی و ئەتۆمییەکان، ئەمەش دوای ئەوەی کۆشکی سپی جێهێشتووە، بەمەش ئەمەریکای تووشی مەترسی کردووە.

داواکاری گشتی تایبەت "جاک سمیس" کە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەستنیشان کراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی کەیسەکەی ترەمپ، لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، ئەو یاسایانەی کە "زانیاری پەیوەندیدار بە بەرگری نیشتمانی دەپارێزن زۆر گرنگن و پێشێلکردنیان وڵاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە"، سمیس داوای دادگایکردنی خێرای ترەمپ دەکات.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی تۆمەتباری کردووە بە مامەڵەکردن بە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی کۆشکی سپی، گوتیشی: رۆژی سێشەممە بانگهێشتی دادگای میامی کراوە.

ترەمپ جەختیشی لەوە کردەوە، کە "بێ تاوانە"، خۆی وەک قوربانیی پلانێک نیشاندا کە نەیارانی دیموکراتەکان بۆ رێگریکردن لە چوونە ژوورەوە بۆ کۆشکی سپی رێکخرابوو.

ئەو تۆمەتانەی کە رۆژی هەینی دەرچووە، 37 تۆمەتە، لەوانە "هێشتنەوەی نایاسایی زانیارییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی، رێگریکردن لە دادپەروەری و وەرگرتنی گوتەی درۆ".

ترەمپ لە تۆڕی "تروس سۆشاڵ"دا لە پەیامێکدا دەڵێت: "ئەمە چیتر ئەمەریکا نییە، دەشڵێت "هەرگیز هیچ شتێکی نەبووە بیشارێتەوە".

لە ئەمەریکادا یاسایەک داوا لە سەرۆکەکان دەکات هەموو ئیمەیڵ و نامە و بەڵگەنامە بازرگانییەکانی دیکە بنێرن بۆ ئەرشیفی نیشتمانی، لە کاتێکدا یاسایەکی دیکە کە پەیوەندی بە سیخوڕیەوە هەیە، راگرتنی نهێنییەکانی وڵات لە شوێنی بێ مۆڵەت و ناپارێزراو قەدەغە دەکات.

ترەمپ کاتێک لە مانگی یەکی ساڵی 2021دا، کۆشکی سپی بەجێهێشت، سندووقێکی پڕ لە دۆسیە نهێنییەکانی لەگەڵ خۆی بردووە.

لە مانگی یەکی ساڵی 2022، دوای چەندین جار داواکاری، ترەمپ رەزامەندی دەربڕی لەسەر گەڕاندنەوەی 15 سندووق کە زیاتر لە دوو سەد بەڵگەنامەی نهێنی تێدابووە، لەکاتێکدا پارێزەرەکانی لە نامەیەکدا دوای ئەوە پشتڕاستیان کردەوە کە هیچ بەڵگەنامەیەکی دیکەیان نییە.

لە 2ی مانگی ئابی رابردوودا، FBI هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەی ترەمپ و دەستی بەسەر نزیکەی 30 سندووقی دیکەدا گرت کە 11 هەزار بەڵگەنامەی تێدابوو، هەندێکیان زۆر هەستیار بوون سەبارەت بە ئێران یان چین.

بەپێی ئەو تۆمەتانە، ئەو بەڵگەنامانەی ترەمپ بریتی بوون لە "زانیاری پەیوەست بە توانای بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دەرەوە، هەروەها بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئەمەریکا"، هەروەها پەیوەندی بە "لاوازییە ئەگەرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیەوە هەیە، لە ئەگەری هێرشێکی سەربازیدا، هەروەها پلانی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەگەری هێرشێکی دەرەکی".

واڵت ناوتا یاریدەدەری ترامپ بە شەش تۆمەت تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی یارمەتیدان لە شاردنەوەی بەڵگەنامەکان.

بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، ترەمپ بۆ یەکەمجار لە پەیوەندی بەم دۆسیەیەدا لە دادگا ئامادەبێت، هەروەها زۆرترین سزای زیندانیکردن کە رووبەڕووی دەبێتەوە 20 ساڵە بەهۆی ڕێگریکردن لە دادپەروەری.

یەکێک لە بەڵگەنامەکان باس لە پاڵپشتی وڵاتێکی بیانی دەکات بۆ تیرۆر، ئەمەش پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە.