فیلمێكی دیكیۆمنێتاری لەسەر كچە كوردێك باشترین خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی كراكۆڤ وەردەگرێت

K24 - هەولێر

فیلمێكی دیكیۆمێنتاری، دەربارەی كچێكی دەنگخۆشی كوردی خەڵكی شاری دیاربەكری باكووری كوردستان، لە فێستیڤاڵی فیلمی كراكۆڤ خەڵاتكرا.

ئەو فێستیڤاڵە کە کۆنترین هونەرییە لە پۆڵەندا، هەفتەی رابردوو ئاهەنگی كۆتایی فێستیڤاڵی فیلمی كراكۆڤ بەڕێوەچوو، تێیدا خەڵاتەكان پێشكەش كران. لە ناو 240 فیلم خەڵاتی باشترین فیلم بەخشرایە فیلمی (ناوی من بەختەوەرییە) لە دەرهێنانی نیك رید و ئایسە تۆرپاك.

فیلمەكە دەربارەی كچێكی كوردە بە ناوی موتڵو كایا لە پێشبڕكێیەكی دەنگخۆشیدا لە یەكێك لە كەناڵەكانی توركیا بەشداریكردبوو، بەهۆی دەنگخۆشی و جوانییەكەیەوە زوو بەناوبانگ بوو، بەڵام لە رۆژی 18/5/2015 لە ماڵەكەی خۆی لەلایەن دەسگیرانەكەی درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و چەند گولـلەیەك بەر سەری كەوتن، بەهۆیەوە بەسەختی برینداربوو، ئەو كات چیرۆكی برینداربوونی ئەو كچە كوردە لە میدیاكانی جیهان دەنگی دایەوە، هەرچەندە موتلو بە سەختی بریندار دەبێت و كەمئەندامی هەمیشەیی دەبێت، بەڵام لە دوای ئەو رووداوە ناخۆشە  و كۆڵ نادات و شەڕی باشتركردنی دۆخی ژنان دەست پێدەكات.

رەخنەگرانی هونەری پێیان وایە كە بەهێزی فلیمی دیكیۆمنێتاریەكە و ئەو خەڵاتانەی كە بە دەستێ دەهێنێت، رەنگە ببێتـە هۆكارێك كە وا بكات ئەم فیلمە  لە داهاتوودا بپاڵوێرێت بۆ خەڵاتی ئۆسكار. هەروەها دەبێتە سەكۆیەكیش بۆ گەیشتنی دەنگی ئافرەتانی زوڵم لێكراوانی كورد و كێشە كۆمەڵایەتییەكان بە ناوەندەكانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا.

زیاد رەئوف، كە كەسایەتییەی كوردی  ناسراوی دانیشتووی وڵاتی پۆڵەندایە  لە هەردوو مەڕاسیمی كردنەوەی و كۆتاییدا بەشداری كرد. ساڵانێكی زۆرە ئەو كەساییەتیە كوردە یەكێكە لە سپۆنسەرەكانی ئەم فێستیڤاڵە سینەماییە بەناوبانگە و پشتگیری بەردەوامی دەكات.

هەندێك لە میدیاكانی جیهان لەسەر ئەم فیلمەیان نووسیوە، لەوانە دەیلی مەیلی بەریتانی نووسیویەتی "فیلمی ( من ناوم بەختەوەرییە) حیكایەتێكە لە خۆڕاگرییەكی سەرنجڕاكێش، ئیلهامبەخش و بە سەبرەوە بەهێز".

بەشێكی دیكەش لەو فیلمە تایبەتە بە خۆشكی موتڵو كایە كە  (دیلەك كایە)ی ناوە، كە لە شوقەكەی خۆی لە شاری ئامەد (دیاربەكر) لەلایەن خۆشەویستەكەیەوە تەقەی لێكرا و گیانی لەدەستدا.

فێستیڤاڵی سینەمایی فیلمی كراكۆڤ یەكێك لە كۆنترین فێستیڤاڵی هونەری لە وڵاتی پۆڵەندا، ئەمساڵ 63 هەمین چاپی خۆی بوو.