موئەیەد تەیب و کەژاڵ ئەحمەد و تەڵعەت تاهیر لە ئیستانبوڵ شیعر دەخوێننەوە

سێ شاعیری باشووری کوردستان لە ئیستانبوڵ
سێ شاعیری باشووری کوردستان لە ئیستانبوڵ

K24 – هەولێر:

لە ئیستانبوڵ کۆڕێکی شیعر خوێندنەوە بۆ هەریەکە لە شاعیران موئەیەد تەیب، کەژاڵ ئەحمەد و تەڵعەت تاهیر بەڕێوەچوو.

کۆڕەکە لەژێر ناونیشانی "ئێوارەی وشە" لە ئیستانبوڵ ئەنجامدرا کە هەریەکە لە شاعیران موئەیەد تەیب، کەژاڵ ئەحمەد و تەڵعەت تاهیر چەند پارچە هۆنراوەیەکی خۆیان بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.

ئەم کۆڕە شیعرییەش بەشێکە لە دوو پڕۆژەی جیاوازی هونەری و رۆشنبیری کە وەقفی ئیسماعیل بێشکچی بە هاوکاری دامەزراوەیی کوردستان کرۆنیکل و ناوەندی ئاڤێستا لە 16 و 17ـی حوەزەیرانی 2023، بۆ پێشوازیکردن لە تابلۆکانی هونەرمەند رۆستەم ئاغالە سازیکردووە، بەناونیشانی ئێوارەی رەنگەکان.

لە پێشانگاکەدا چەند تابلۆیەکی رەنگینی هونەرمەند رۆستەم ئاغالە، کە گوزارشته لە کارەساتە تراژیدییەکانی گەلی کورد و ناوچە دڵڕفینەکانی کوردستان نمایشکران، کە هونەرمەندی ناوبراو بە سەلیقەی جوانیی خۆی وێنەی کێشان و وەک دیکۆمێنتێک لەو پێشانگایەدا دەبینرێت، کە ژانەرێکه و کارەساتەکانی کورد دەگێڕێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (17ـی حوزەیرانی 2023)، شاعیرانی باشووری کوردستان کە بەشدارن لەو چالاکییە کە پێکهاتوون لە موئەیەد تەیب، کەژاڵ ئەحمەد و تەڵعەت تاهیر، کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەیان لە ناوەندی رۆشنبیری وەقفی ئیسماعیل بێشکچی پێشکەشکرد.

پیشتریش رۆستەم ئاغالە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاندبوو: جێگەی خۆشحاڵیە، کە ناوەندی رۆشنبیریی نووسەری گەورە بێشکچی دەرگای بۆ هونەرەکەی من کردووەتەوە، دەتوانم تابلۆ ڕەنگینەکانم لە ئیستانبوڵ لەبەردەم دەیان هونەرمەند و رۆشنبیری گەورەی ئەو وڵاتە نمایش بکەم، کە جوانی و ئازارەکانی نیشتمان بوونەتە سەرچاوەی تابلۆکانی من و دەمەوێت داهێنانی خۆم لە بواری شێوەکاری نیشانی خەڵک و هونەرمەندانی ئەو شارە بدەم، کە دەبێته دەستپێکێکی جوان بۆ کاری زیاتر و بەستی چەند ژوانێکی هونەری.

0
0