ڕێبەر ئەحمەد: پرۆژەی دڵنیایی سامان و ماڵی هاووڵاتیان دەپارێزێت

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24- هەولێر

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین کۆنفرانسی کەرتی دڵنیایی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەی دڵنیایی پرۆژەیەکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە هاوبەشیی کەرتی تایبەت، بۆ پاراستنی ماڵ و سامانی هاووڵاتیان.

ئەمڕۆ یەک شەممە(5 ی ئایاری 2024) ، لە چوارچێوەی یەکەمین کۆنفرانسی کەرتی دڵنیایی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: دەخوازن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پشتگیریی لەو بۆچوونەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن کە پرۆژەی دڵنیاییە، لەبەر ئەوەی کەرتی دڵنیایی خزمەت بە هاووڵاتیان دەکات لەوەی سەر و ماڵیان پارێزراو بێت، رێبەر ئەحمەد دووپاتی کردەوە، ئەو پرۆژە ڕێکخستنێکی دیکەی داراییە لەنێوان حکوومەت و هاووڵاتیان لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، کەرتی دڵنیایی پێویستی بە بوژانەوەی کەرتی بانکیی هەیە، چونکە یەکێکە لە سێکتەرەکانی دیکە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، زۆر بە گرنگیی کاری لەسەر دەکات. وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەی هەژماری من، یەکێکە لە بەرنامە و پرۆژە هەرە پێشکەوتووەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پەرە بە خزمەتگوزارییەکانی بانکیی لە هەرێمی کوردستان دەدات.