ئەمەریکا بەرنامەی رێگەی یاسایی بۆ کۆچبەران فراوانتر دەکات

کۆچبەران لەسەر سنووری ئەمەریکا و مەکسیک
کۆچبەران لەسەر سنووری ئەمەریکا و مەکسیک

K24 - هەولێر

کردنەوەی ناوەندەکانی پێداچوونەوەی کۆچبەری ئەمەریکا لە کۆڵۆمبیا، کۆستاریکا و گواتیمالا دڵنیایی دەدات لەوەی کە ئەم وڵاتانە دەبنە شوێنی چاوەڕوانی بۆ ئەو پەناخوازانەی کە چاوەڕوانی ڤیزای ئەمەریکا دەکەن.

دەستپێشخەریی گواستنەوەی سەلامەت کە لەلایەن واشنتنەوە دەستیپێکردووە، هەوڵدەدات رێگەی یاسایی بۆ پەناخوازان فراوانتر بکات، لە هەمان کاتدا لە وڵاتانی دوور لە سنوورەکانی ئەمەریکا دەیانهێڵێتەوە، بەرنامە نوێیەکە لە 11ی ئایارەوە دەستیپێکرد، لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەو رێکارەی کە بە "مادەی 42" ناسراوە، کە رێگری دەکرد لە پێشکەشکردنی داواکاری پەنابەری لە ئەمەریکا، بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی Covid-19.

ئێستا دەبێت کۆچبەران بە ئەلیکترۆنی کات دیاری بکەن بە بەکارهێنانی ماڵپەڕێکی تایبەت، کە لەلایەن دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچەوە پاڵپشتی دەکرێت.

ناوەندە نوێیەکانی پێداچوونەوە لە کۆڵۆمبیا و گواتیمالا چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کۆچبەرانە دەکەن کە دەیانەوێت بچنە ئەمەریکا و کەنەدا و ئیسپانیا. لە کۆستاریکا، ئۆفیسەکانی جووڵەی سەلامەت ئاسانکاری بۆ خەڵکی نیکاراگوا و ڤەنزوێلا دەکەن کە بە شێوەیەکی یاسایی کۆچ بکەن.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا روونیکردەوە، ئەم بەرنامەیە رێگەی یاسایی بۆ کۆچبەران فراوانتر دەکات بۆ وەرگرتنی ڤیزا، لەبری ئەوەی ئەو گەشتە مەترسیدارە ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی بەڕێگەی نایاسایی لە کۆڵۆمبیا و پەنەماوە بچنە ئەمەریکا.

 بەیاننامەیەکی ئەم دواییەی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە، کە زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ساڵی 2023 سنوورەکانیان بەزاندووە، ئەمەش بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو شەش هێندە زیادی کردووە.

بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایە ئەو ناوەندە نوێیانەی پشکنینی کۆچبەران، ئاسانکاری بۆ کۆچبەران دەکات بۆ ئەوەی بزانن ئایا ڕێگەیەکی یاسایییان هەیە بۆ بەرەو ئەمەریکا، نەک ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە لەسەر دەستی قاچاغچییەکانەوە.

کارلۆس ساندۆڤاڵ، ئەکادیمیەکی زانکۆی کۆستاریکایە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، ئەم دەستپێشخەرییە وەڵامی ستراتیژی کۆنترۆڵی کۆچبەران دەداتەوە بۆ باشوور، ئاماژەی بەوەشکرد مەکسیک یەکەم سنوورە، بەرپرسانی ئەمەریکاش هەوڵیانداوە سنوورەکە لە گواتیمالا و مەکسیک  کۆنتڕۆڵ بکەن.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، تەنها لە مانگی ئاداردا زیاتر لە 160 هەزار کەس هەوڵیانداوە لە مەکسیکەوە بپەڕنەوە بۆ ئەمەریکا.

ئەمەریکا پێشنیاری ئەوە دەکات کە کۆچبەران لەو وڵاتە چاوەڕێ بکەن کە تێیدایە، تا ئەو کاتەی داواکاری ڤیزاکەیان جێبەجێ دەکرێت، هەرچەندە هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ وەرگرتنی ڤیزا.

 ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو سێ وڵاتە پێویستە "یارمەتی ئەو پەنابەرانە بدەن کە لە مەترسیدان بۆ وەرگرتنی ئەو هاوکارییەی کە پێویستیان پێیەتی" بۆ بەدەستهێنانی پێگەی یاسایی، لەکاتێکدا چاوەڕێی رێگای یاسایی بۆ ئەمەریکا دەکەن.