محه‌ممه‌د شوكری: راگه‌یاندنی بڕاند و خسته‌ڕووی وێبسایتی ئینڤێست كوردستان، یارمه‌تیده‌رێكی باش ده‌بێت بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار بۆ راكێشانی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی ده‌كات.
دكتۆر محه‌ممه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، له رێورەسمی ناساندنی بڕاند و وێبسایتی ئینڤێست کوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، راگه‌یاندنی بڕاند و خسته‌ڕووی وێبسایتی ئینڤێست كوردستان، یارمه‌تیده‌رێكی باش ده‌بێت بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و كۆمپانیا بیانی و ناوخۆییه‌كان.
ده‌قی گوتاری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان:
به‌ناوی خودا گه‌وره و میهره‌بان
ئێواره‌تان باش
به‌ڕێز و خۆشه‌ویست كاك مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
به‌ڕێزان وه‌زیران و په‌رله‌مانتارانی كوردستان و عێراق
سه‌ركونسوڵی وڵاتان و نوێنه‌رانی كۆمپانیا بیانییه‌كان
وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی
بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه
زۆر زۆر به‌خێر بێن سه‌رچاوان
خۆشحاڵین ئه‌مڕۆ لێره كۆبووینه‌ته‌وه بۆ راگه‌یاندنی بڕاند و خسته‌ڕووی وێبساینی ئینڤێست كوردستان، كه له‌داهاتوودا یارمه‌تیده‌رێكی باش ده‌بێت بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و كۆمپانیا بیانی و ناوخۆییه‌كان، تاكو له رێگه‌یه‌وه ئاشنای ده‌رفه‌ته‌كانی وه‌به‌رهێنان بن له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م كاره هه‌نگاوێكه بۆ جێبه‌جێكردنی روئیا و دونیابینینی جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، له باشتركردنی دۆخی ئابووری له هه‌رێمی كوردستان.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز:
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له رێگه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و له رێگه‌ی هه‌موو ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به كاری ئابووری، به بایه‌خه‌وه كار بۆ راكێشانی وه‌به‌رهێنانی بیانی ده‌كات، تا بێنه هه‌رێمی كوردستان و هاوشانی وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی رۆڵیان هه‌بێت له بونیاتنانی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان و جێبه‌جێكردنی هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و ئابوورییه‌كی هه‌مه‌چه‌شن.
لێره‌دا بڕاندی كوردستان له داهاتوودا به ئینڤێست كوردستان ده‌ناسرێت، كوردستان ئه‌و خاكه‌یه كه هه‌زاران ده‌رفه‌تی ئیشكردن و وه‌به‌رهێنانی تێدایه، تا ئێستا باس نه‌كراون، كه له رێگه‌ی ئه‌م وێبسایت و پرۆمۆشنی ئینڤێست كوردستان كارده‌كه‌ین، تا كوردستان به خه‌ڵك بناسێنین و كاری وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له رێگه‌ی ئینڤێست كوردستان له‌هه‌موو پێگه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌توانێ پرۆمۆشن بۆ ده‌رفه‌ته‌كانی وه‌به‌رهێنان بكات.
به‌خۆشحاڵییه‌وه له دواین هه‌نگاودا، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و ئینڤێست كوردستان بوونه ئه‌ندام له ئاژانسی (وای پا) كه ئاژانسێكی نێوده‌وڵه‌تی په‌ره‌پێدان و به‌ره‌پێشبردنی وه‌به‌رهێنانه، هاوشان له‌گه‌ڵ 130 وڵات، هه‌رێمی كوردستان ئه‌ندامه تێیدا، بۆ پڕۆمۆشنكردن و هه‌موو ده‌رفه‌ته نه‌بیستراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له پێگه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا.
لێره‌دا له‌و ده‌رفه‌ته‌دا سوپاسی هه‌موو دام و ده‌زگا و وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، ئه‌وانه رۆڵیان هه‌بووه له گه‌یشتن به‌و رۆژه و دروستكردنی ماڵپه‌ڕی ئینڤێست دۆت گۆڤ + دۆت كه‌ی ئاڕ دی و هه‌روه‌ها دروستكردنی براندی ئینڤێست كوردستان، به‌تایبه‌تی فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و كه رۆڵێكی باڵایان هه‌یه له‌م بابه‌ته‌دا.
به‌ناوی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان سوپاسی ئاماده‌بوونی هه‌مووتان ده‌كه‌م، هیوادارم ئێواره‌یه‌ك خۆش به‌ڕێبكه‌ین و دووباره به‌خێر بێن سه‌ر سه‌ر و سه‌رچاومان.