تەقینەوەیەک ناوەڕاستی پاریسی هەژاند

رووداوەکەی پاریس - وێنە: AFP
رووداوەکەی پاریس - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە یەکێک لە باڵەخانەکانی ناوچەی پێنجی پاریس، تاوەکو ئێستا 16 کەس برینداربوون کە بەگوێرەی میدیا فەرەنسییەکان دۆخی تەندروستی حەوت لە بریندارەکان ناجێگیرە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) تەقینەوەیەکی بەهێز لە یەکێک لە باڵەخانەکانی ناوچەی پێنجی پاریس روویدا کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی بەرپرسانی شارەکە لە ئەنجامی تەقینەوەی سیستەمی غازی ئەو باڵەخانەیەوە بووە.

ئاژانسەکانی هەواڵ دیمەنەکانی دوای رووداوەکەیان بڵاوکردووەتەوە کە زیانێکی زۆر بە باڵەخانەیەک کەوتووە و ئاگر و دووکەڵێکی زۆر بەرزدەبێتەوە کە ئەو باڵەخانەیە ناوەندێکی ئەکادیمییە سەر بە سیستەمی خوێندنی کاسۆلیکی لە پاریس.

هەرچەندە تائێستا لایەنە فەرمییەکان هۆکاری رووداوەکەیان بە فەرمی رانەگەیاندووە، پێش ئەوەی بەرگری شارستانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە رابگەیەنێت، ئانا هیدالگۆ و گێراڵد دارمانیان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا داوایان لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد لە شوێنەکانی نزیک رووداوەکە دووربکەونەوە.

هاوکات میدیا فەرەنسییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای رووداوەکە بۆنی غاز لە ناوچەکە بڵاوبووەتەوە و گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە تەقینەوەکە بەهۆی تەقینی غازەوە بووە.