کۆمپانیای فۆرد بە سەدان کارمەند لە کارەکانیان دوور دەخاتەوە

K24- هەولێر

کۆمپانیای فۆردی ئەمەریکی، بڕیاری داوە بە سەدان کارمەند لە کارەکانیان دووربخاتەوە، بەڵام تا ئێستا ژمارەی وردی کارمەندەکانی ئاشکرا نەکردووە.

کۆمپانیای فۆردی ئەمەریکی رایگەیاند، کەمکردنەوەی کارمەندەکان لە هەر سێ بەشی خۆی دەبێت کە بریتین لە فۆرد بلو، فۆرد مۆدێل و ئی و فۆرد پرۆ.

پێشبینی دەکرێت زۆربەی ئەو کارمەندانەی دوور دەخرێنەوە، ئەندازیارەکان بن، لە سەرتاسەری یەکەکانی بازرگانی ئۆتۆمبێل و ئەرکەکانی پشتگیری کۆمپانیاکە.

بەڵام فۆرد دڵنیایی دەداتە کەسانی زیانلێکەوتوو کە مووچە و یارمەتییەکانی جیابوونەوە و یارمەتییەکی بەرچاو لە دۆزینەوەی هەلی پیشەی نوێ وەردەگرن.

کۆمپانیاکە ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی 2026 ساڵانە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەم بهێنێت، کە زیاتر لە سێ ئەوەندەی ژمارەی پێشبینیکراوە کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2023،  600 هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمبهێنێت.

بۆ گەیشتن بەم ئامانجە کۆمپانیای فۆرد پلانی هەیە لەنێوان ساڵانی 2022 بۆ 2026، 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئۆتۆمبێلی کارەباییدا بکات، ئەمەش لە چاو پلانی پێشووی کە 30 ملیار دۆلاربووە تا ساڵی 2025.