لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کەرەستە سەربازییە هاوردەکراوەکانی پێشمەرگە دەرکرا

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق

K24 - هەولێر

بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کەرەستە سەربازییانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەرکرا کە وەزارەتەکە وەک هاوکاریی لەلایەن هاوپەیمانانەوە وەریان دەگرێت.

ڕۆژی چوارشەممە، 08-05-2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بە بەشداریی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگه کۆبووەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردە دەرکران لەوانە، لێخۆشبوونی گومرگی لەو کەرەستە سەربازییانەی وەزارەتی پێشمەرگە وەک هاوکاری وەریان دەگرێت لە چوارچێوەی ئەو کۆمەکانەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێشکەش بە پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت .

ئەم بڕیارە، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، دەبێتە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ مێژوی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. 

ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق؛ هاوکات بەشداربوونی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تێگەیشتنی زۆری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا؛ هۆکاری سەرەکی بوون بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە.