ئیمارات و سعوودییە به‌ بڕی شەش ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری لە عێراقدا دەکەن

K24 - هەولێر:

یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، لەگەڵ هەر یەکە لە ئیمارات و سعوودییە گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی هاوبەش. راشیگەیاند، کە ئەو دوو وڵاتە بڕی شەش ملیار دۆلاریان بۆ سەرمایەگوزاری لە عێراق تەرخانکردووە.

عەبدولرەزاق زوهەیری سەرۆکی یەکێتی ژورەکانی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەچوارچێوەی پڕۆژەی پەرەپێداندا کە عێراق دەەبێتە ناوەندێکی ترانزێتی جیهانی و رێگای ئاسیا و ئەوروپا بۆ نۆ رۆژ کورت دەکاتەوە،  یەکێتییەکە لە هەوڵدایە بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی بازرگانی و ئەنجامدانی رێککەوتن لەگەڵ وڵاتان ، هەر وەک چۆن لەگەڵ سعوودییە و ئیمارات گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی بازرگانی هاوبەش، بۆ باشترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە..

روونیشیکردەوە، "ئیمارات 3 ملیار دۆلار  و سعوودییەش 3 ملیار دۆلاری داناوە تاکو لە عێراق سەرمایە گوزاری پێبکەن، جا چ وەبەرهێنان بێت یاخوود بازرگانی و ویستێکی باشیش لە لایەن ئەو  دوو وڵاتەوە هەیە بۆ کارکردن لە عێراق.