کابینەی نۆیەم؛ دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی کرێکاران

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو و داهاتی سندوقی خانشینی زیادکردووە و کاری لەسەر دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی کرێکاران و فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت کردووە. 

لیژنەکانی پشکنینی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە هەر لیژنەیەک لە پشکێنەرێک و نوێنەرێکی ژوری بازرگانی و نوێنەرێکی سەندیکای کرێکاران پێک دێن، سەردانی پڕۆژە دەستەبەرکراوەکان و دەستەبەرنەکراوەکانیش دەکەن بۆ بەدواداچوونی پڕۆسەی کارکردن و  ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو، لە کابینەی نۆیەمدا 22 هەزار و 651 سەردانیان هەبووە و ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو گەیەندراوەتە 138 هەزار و 92 کرێکار، لە 27 هەزار و 350 پرۆژەدا.

داهاتی سندووقی دەستەبەری کرێکاران، لە 74 ملیارەوە زیادکراوە بۆ زیاتر لە 194 ملیار دیناری ساڵانە، هەروەها سێ هەزار و 263 کرێکاری بیانی و دوو هەزار و 479 کرێکاری خۆماڵی خانەنشین کراون، 20 هەزار و 627 کرێکاریش پاداشتی کۆتایی خزمەتیان وەرگرتووە.

بۆ پاراستنی بەڵگەنامە و دۆسیەی کرێکارانی دەستەبەرکراو، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە ئەلیکترۆنیکردنی دۆسیەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کردووە لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.

لەگەڵ ئەوەشدا، حەوت هۆبەی تۆمارکردنی بێکاران لە هەرێمی کوردستاندا هەن، ساڵی رابردوو 8 هەزار و 618  بێکاریان تۆمارکردووە، تا ئێستاش هەلیکاریان بۆ 23 هەزار و 425 بێکار رەخساندووە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تائێستا نزیکەی 19 هەزار و 118 مۆڵەت بەخشراون بە پیشەوەران، کە 143 مۆڵەتیان لە ساڵی 2022ـدا بووە.

لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، لیژنەکانی تەندروستی سەلامەتی پیشەیی، سەردانی پێنج هەزار و 511 پرۆژەیان کردووە و 22 کرێکاری پێکراو و 26 کرێکاری مردوو تۆمارکراون.

لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی راهێنانی پیشەییشەوە، کە هەشت بەڕێوەبەرایەتی راهێنانی پیشەیی و یەک سەنتەر لەخۆدەگرێت، لە کابینەی نۆیەمدا 514 خولیان کردووەتەوە و حەوت هەزار و 484 گەنج، تێیدا سوودمەندبوونە.

لەلایەکی دیکەوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەمی منداڵانی دابڕاو لە خوێندنی کردووەتە خەمی خۆی و سەرنجێکی تایبەتی خستووەتەسەر گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانە بۆ قوتابخانە، لەپێناو بنبڕکردنی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان و گێڕانەوەی منداڵانی سەر شەقامەکان بۆ باوەشی قوتابخانەکان.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە توانیویەتی 19 هەزار و 432 منداڵی سەرشەقام بگەڕێنێتەوە بۆ خوێندن، رێژەی تۆمارکردن و گەڕاندنەوەی منداڵانی سەرشەقام بۆ قوتابخانەکان بەپێی ساڵەکان بەم شێوەیە بوون:

لە ساڵی 2020، 15 هەزار و 396 منداڵی دوور لە خوێندن تۆمارکراون و هەشت هەزار و 206 لەوان گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن.

لە ساڵی 2021، 24 هەزار و 487 منداڵی دوور لە خوێندن تۆمارکراون و تواندراوە چوار هەزار و 645 لەوان بگەڕێندرێنەوە بۆ قوتابخانەکان.

لە ساڵی 2022، 26 هەزار و 100 منداڵی دوور لە خوێندن تۆمارکراون و شەش هەزار و 579 منداڵیان بۆ خوێندن گەڕێندراونەتەوە.