د. عەبدولحەکیم خەسرەو: لە کابینەی نۆیەم 138 ملیار دینار قەرزی بازرگانی وەرگیراوەتەوە

K24 – هەولێر

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، 138 ملیار دینار قەرزی بازرگانی وەرگیراوەتەوە.

د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند خاڵێکی راگەیاند، کە کاری لەسەر بکرێت لەوانە، چاکسازی، خزمەتگوزاری، پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، دیموکراسی و لامەرکەزی کە پێویست بوو کاری لەسەر بکەین و بەشێکیان پەیوەست بوو بە دانانی پلان و دەرکردنی یاسا".

گوتیشی: "پڕۆسەی چاکسازی کە 13 خاڵە، چاکسازییەکان لە راژەی گشتی، رۆتین، قۆرغکاری، خۆراک و دەرمان، سەروەری یاسا و قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەک، کە بە یاسا رێکخرا، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران بەشی زۆری خاڵەکان جێبەجێ کران و هەندێکیشیان بەربەستیان هەیە کە ئێمە بەربەستەکانمان دیاریکردووە".

د. عەبدولحەکیم خەسرەو، جەختیکردەوە: "چاکسازی پرۆسەیەکی گشتگیر و بەردەوامە و وەک سەرۆکی حکومەت رایگەیاندووە، لە پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاری پێویستمان بە پێنج ساڵە، کە ئەمە یەکێکە لە خاڵەکانی چاکسازی، راستە یەک یاسامان هەیە بەناوی چاکسازی، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ئەو یاسایە بریتییە لە جیىەجێکردنی 15 یاسای دیکە کە پێشتر پێشێل کراوە یان جێبەجێ نەکراوە".

سەبارەت بە وەرگرتنەوەی قەرزی بازرگانی لە کابینەی نۆیەم، باسی لەوەشکرد: "لە 400 ملیار دینار قەرزی بارزگانی کە بە بازرگانان درابوو، ئێستا زیاتر لە 138 ملیار دینار وەکو موڵک و کاش وەرگیراوەتەوە، بێگومان هەندێک سوودیشی چووەتە سەر، هەندێک قەرزی تر کە بە خەڵک دراوە، وەک قەرزی خانووبەرە کە بە گشتی چوار تریلیۆن دینار قەرز بوو، ئێستا دوو تریلیۆن بۆ گەڕێندراوەتەوە و ئەوەی دیکەش ماوە".

ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەو دۆخە داراییەی کە هەبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند بوارێکدا بڕیاری لێخۆش بوونی بۆ هاووڵاتییان داوە لەو بڕە پارەی لەسەریان بووە، وەکو پارەی ئاو و کارەبا، بۆ ئەوەی باری هاووڵاتییان ئاسان بکرێت.