سه‌رۆكی یه‌كێتی ژووره بازرگانییه‌كان: له كابینه‌ی نۆیه‌مدا 6000 كۆمپانیای نوێ دامه‌زرێندراون
K24 – هەولێر:
سه‌رۆكی یه‌كێتی ژووره بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت له ماوه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا شه‌ش هه‌زار كۆمپانیای نوێ دامه‌زراون، كه 150 كۆمپانیایان بیانین، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات له‌و كابینه‌یه‌دا جووڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو دروست بووه.
دارا جه‌لیل خه‌یات، سه‌رۆكی یه‌كێتی ژووره بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، له ماوه‌ی چوار ساڵی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار كۆمپانیای نوێ دامه‌زراون، كه 150 كۆمپانیان بیانین، هه‌روه‌ها گوتیشی، له ماوه‌ی ئه‌و كابینه‌یه‌دا جووڵه‌یه‌كی گه‌وره و به‌رفراوانی بازرگانی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ و كه‌نداو و جیهان دروست بووه.
سه‌رۆكی یه‌كێتی ژووره بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه پڕۆژه‌یه‌ك هه‌یه بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی نوێی پیشه‌سازی له هه‌ولێر، كه نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار دۆنم ده‌بێت بۆ ئه‌و كۆمپانیا نوێیانه‌ی له‌مه‌ودوا داده‌مه‌زرێن و كارده‌كه‌ن، روونیشیكرده‌وه، ئه‌و ناوچه‌یه بۆ چه‌ندین بواری جۆراوجۆری بازرگانی و پیشه‌سازی دابه‌ش ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ندێكیان بۆ خوارده‌مه‌نی و هه‌ندێكی دیكه‌یان بۆ پترۆكیمیاوی و هه‌ندێكیدیكه‌یشیان بۆ بیناسازی و بواره‌كانی دیكه ده‌بن.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له ماوه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا جووڵه بازرگانییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ توركیا، ئێران و وڵاتانی كه‌نداو و جیهانیش زۆر زیاتر بووه و په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه له ئاستێكی باش دایه، گوتیشی، جێی خۆشحاڵییه هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته جێی متمانه‌ی وڵاتان به‌تایبه‌تی له رووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی به‌تایبه‌تریش په‌یوه‌ندییه بارزگانییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو، كه له كابینه‌ی نۆیه‌مدا ئاستێكی پێشكه‌وتووی به‌خۆوه بینیوه.
سه‌رۆكی یه‌كێتی ژووره بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به كۆمپانیا ئه‌وروپییه‌كان باسی له‌وه كرد، كه دوو جۆر كۆمپانیا هه‌یه كاره‌كانیان له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌شێكیان كۆمپانیاكان و خاوه‌نه‌كانیان بیانین، به‌شێكیشیان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانن و به ره‌گه‌زنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كاری بازرگانی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و سه‌رمایه‌كانیان له ده‌ره‌وه‌یه و له هه‌رێمی كوردستان به‌گه‌ڕی ده‌خه‌ن و كاری وه‌به‌رهێنانی پێ ده‌كه‌ن.