عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: دابینکردنی مافی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کاری لە پێشینەی کابینەی نۆیەم بووە

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

K24 - هەولێر:

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، رایدەگەیەنێت، سەرەڕای قەیرانەکان لە کابینەی نۆیەمدا خزمەتگوزارییەکان بۆ کەسوکاری شەهیدان بەردەوامبووە، هاوکات گووتیشی: بڕیاردراوە بە دروستکردنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، سەرەڕای هەبوونی قەیرانەکان، خزمەتگوزارییەکان بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی بەردەوام بوو، هەروەها  بە هەوڵی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی توانرا قەیرانەکان تێپەڕێندرێن و تا رادەیەکی باش توانی رووبەڕووی ئاستەنگەکان ببتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، سەرۆکوەزیران پشتیوانی تەواوی خۆی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کردووە و بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ وەزارەتەکەمان.

ئاماژەی بەوەشدا، دابینکردنی مافی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پێشینەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

لەبارەی پرسی چاکسازی لە کابینەی نۆیەمدا، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، گووتی: "ئەو چاکسازییەی لە کابینەی نۆیەمدا دەستی پێکرد، لە وەزارەتی ئێمەش دەستکرا بە جێبەجێکردنی ئەم چاکسازیە بۆ مەبەستی هێنانە کایەی دادپەروەری لە نێوان وارسی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەهۆی گیروگرفتی هەرێمی کوردستانەوە هەندێک جار نادادپەروەری رووبەرووی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بووەتەوە، هەروەها ئێمەش رێگەیکی راست و دروستمان گرتەبەر چاکسازیمان لە دۆسیەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراواندا کردووە لەسەرجەم بەڕێوەبەرایتییەکاندا".

لەبارەی دروستکردنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، ئاماژی بەوەدا، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکوەزیران، پەسەندی ئەوە کرا کە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بتوانین رێکارێکی نوێ بگرینە بەر بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، هەروها بڕیاردراوە لەبری پێدانی زەوی یەکەیەکی نیشتەجێکردن دروست بکەین بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کە یەکێکە لە پلانەکانی وەزارەت، سەرۆکوەزیران پەسندی کردووە، لە داهاتویەکی نزیکدا دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردن.

سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی جینۆساید لە ئیسپانیا، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، گووتی: "بەشداریمان کردووە لە کۆنفرانسی جینۆساید لە ئیسپانیا، بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەی (KG Loby Center) کە هەماهەنگ و هاوکارن لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ ئەوەی کۆدەنگیەک پەیدا بکەین، لە داهاتوودا حکومەتی عێراقی بەرپرسیار بکەین بەرامبەر بە ماف و ئیمتازەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، جارێکی دیکە ئەم زوڵمە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دووبارە نەبێتەوە".