عوسمان محه‌ممه‌د: له كۆی 35 خاڵی چاكسازی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه 27ـیان جێبه‌جێ كراوه
K24 – هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی راگه‌یاندن و هۆشیاری و نیشتیمانی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاماژه به‌وه ده‌كات، له ماوه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له بواری چاكسازیدا هه‌نگاوێكی باشی بڕیوه و زۆربه‌ی خاڵه‌كانی جێبه‌جێ كردووه، هاوكات هه‌ر له‌و كابینه‌یه‌دا هه‌شت لیوای نوێی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه دروست كراون.
لیوا عوسمان محه‌ممه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی راگه‌یاندن و هۆشیاری و نیشتمانی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، چوار ساڵی رابردووی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه پڕ جووڵه بوو، به‌شێوه‌یه‌ك پڕۆسه‌ی چاكسازی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له رێگه‌ی دروستكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تایبه‌ت به چاكسازی ده‌ستیپێكرد، كه له سه‌ره‌تادا 35 خاڵ وه‌ك خاڵه‌كانی كاركردن ده‌ستنیشان كرا و ته‌واوی جومگه‌كانی ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی گرته‌وه و به‌ش و بواره‌كانی لۆجستی، مه‌شق و راهێنان، راگه‌یاندن، رۆشنبیری و هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌ی كارگێڕی و ژمێریاری سه‌ربازی له‌خۆگرتبوو.
هه‌روه‌ها لیوا عوسمان محه‌ممه‌د سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كه له ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا له كۆی ئه‌و 35 خاڵه، 27 خاڵ جێبه‌جێ كراون، به‌شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ژمێریاری سه‌ربازی، مووچه‌ی هه‌ره زۆری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كردووه به هه‌ژماری بانكی، ئه‌مه‌یش كارئاسانییه‌كی باشی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك بچێت مووچه‌كه‌ی خۆی له بانك رابكێشێت و هاوكات توانیویه‌تی تا راده‌یه‌كی زۆر كێشه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كان له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كۆنترۆڵ بكات.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی راگه‌یاندن و هۆشیاری و نیشتمانی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه گوتیشی، له كابینه‌ی نۆیه‌مدا توانرا رێككه‌وتن یان لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا به‌دیاریكراویش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا واژۆ بكرێت، كه كۆمه‌ڵێك خاڵی گرنگی تێدایه و گرنگترینیان پابه‌ندبوونی ئه‌مه‌ریكایه به پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كانی به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، كه هه‌ر سێ بواری مه‌شق و لۆجستی و راوێژكاری له‌خۆده‌گرێت، جه‌ختیشیكرده‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له ئاستێكی باش دایه و به‌رده‌وام شانده‌كانیان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌كات، كه به‌گشتی ئه‌م پرۆسه‌یه بواری كۆنتڕۆڵ و سه‌ركردایه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئاسانتر ده‌كات.
لیوا عوسمان محه‌ممه‌د ئاماژه‌ی به‌وه كرد، پێشتر 14 لیوای پێشمه‌رگه هه‌بوو، به‌ڵام له كابینه‌ی نۆیه‌مدا ژماره‌ی لیواكان بۆ 22 لیوا به‌رز بووه‌وه، گوتیشی، هه‌ردوو یه‌كه‌ی هێزه‌كانی پشتیوانی یه‌ك و پشتیوانی دوو كه چه‌كه قورسه‌كان له‌لای ئه‌و دوو هێزه‌یه، خراونه‌ته سه‌ر ئومره‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و ژماره‌ی سه‌ربازییه‌كانیان 11 هه‌زار كه‌سه، روونیشیكرده‌وه، دوو فیرقه‌ی دیكه‌ی لیوای یه‌ك و دووی پیاده چالاك كراون و هه‌ر یه‌كێكیان ده‌ستبه‌كاربوونه و سه‌ركردایه‌تی چوار تا پێنج لیوای پیاده ده‌كات له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ئه‌و دامه‌زراوه سه‌ربازییانه‌ی له‌ناو فیرقه‌كاندان.