کابینەی نۆیەم؛ سێکتەری تەندروستی لە خەمی تاکەوە بۆ خەمی حکومەت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، گرنگیدان و بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی کردە خەمی سەرەکی و هەرە لە پێشینەی کارەکانی و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناش، بەوپەڕی توانایەوە هاوهەنگاو لەگەڵ رێکارە تەندروستییە جیهانییەکان و هەنگاوە کارپێکراوە پەسەندکراوەکان لە دامەزراوە تەندروسییە فەرمییەکان، سەرکەوتووانە کاریکرد لە دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان و ڤاکسین بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتایەکە.

سەرەڕای قەیرانەکان و سەختی دۆخی ئابووری و  سنووردارکردنی هاوکارییە تەندروستییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و بەهێزکردنی ژێەخانی تەندروستی، جێی بایەخ و کاری لە پێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

لەماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، 13 نەخۆشخانەی نوێ دروستکراون کە بەمەش ژمارەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 45 نەخۆشخانە و لە چەندین بواری دیکەشدا، هەر لە دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان، داتا فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرخەری ئەوەن، کە سێکتەری تەندروستی کە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، بەشێک بووە لە بەرنامە و پلانی تایبەتی کابینەی نۆیەم.

هاوکات دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی دەیان بنکەی تەندروستی و تاقیگەی پزیشکی جۆراوجۆر بەشێکی دیکەی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ پێشخستنی سێکتەری تەندروستی، هاوکات بە دامەزراندنی 26 کارگەی ئۆکسجین، ژمارەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئکسجینی گەیاندە 41 کارگە، هەروەها بە زیادکردنی 46 قەرەوێڵەی چاودێری چر، ژمارەی قەرەوێڵەکانی چاودێری چڕی لە نەخۆشخانە گشتییەکان بۆ 337 قەرەوێڵە بەرزکردەوە.

هاوکات لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان (دایک، باوک، هاوسەر، کچ، کوڕ، خوشک، برا) و زیندانیانی سیاسی (ئەوەی منحەی مانگانە وەردەگرێت) لە کرێی پشکنین، چارەسەرکردن و نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییە حکومییەکانی هەرێمدا بەخشراون.

هەروەها لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ منداڵانی ئۆتیزم، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی خانەوادەکانیان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاریدا لەسەر ئەنجامدانی پشکنین و چارەسەرکردنی منداڵانی ئۆتیزم لە سەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکان بەبێ بەرامبەر.

لەبارەی دەرمانیشەوە، بۆ یەکەمین جار لە ئەزموونی حکومڕانی هەرێمی کوردستاندا، کابینەی نۆیەم نرخی دەرمانی یەکخست و بە کوالێتی و ستاندەری جیهانی دەخرێتە بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش، لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە بە تەندەری دابینکردنی دەرمان، نرخی 230 جۆری جیاوازی دەرمان لە هەموو کوردستان یەکدەخرێت و وەزارەتی تەندروستی لەبری دامودەزگاکانی دیکەی تەندروستی دەرمان دابیندەکات و سەرجەم کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن لەو پرۆسەیەدا داواکاری پێشکەش بکەن، کە بەگوێرەى رێنماییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ گرێبەستە حکومییەکان کاری لەسەر دەکرێت و رێکەوتنەکەشیان بۆماوەى دوو ساڵ دەبێت.

هەروەها کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دەرمان و كۆمپانیاكانی دەرمان، کاریکرد بۆ  بەستاندەرکردنی شێوازی کۆگاکردنی بابەتە پزیشکییەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و  دامەزراندنی کۆگای ناوەندیی نیشتمانی تایبەت بە دەرمان.

لەگەڵ ئەوەشدا،  پێداچوونەوە و دارشتنەوە بە نرخی پشکنین و تۆمارکردن و مۆڵەت وەرگرتن و رێگەپێدان و رسوماتەکان ئەنجامدراوە لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییان و زیاتر خزمەتکردنیان لەو سێکتەرەدا.

لەلایەکی دیکەشەوە، کابینەی نۆیەم کاریکردووە لەسەر هەموارکردنی رێنماییەکانی پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردنی خۆراك بە رێگای زانستی و رێنمایی نوێ و  هەموارکردنی رێنمایی پێدان و نوێکردنەوەی کۆمپانیاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی و ئامێری پزیشکی، و راگرتنی چالاکی گشت ئەو کۆپانیایانەی کە پابەندنەبوونە بەو رێنماییە.

پێشکەشکردنی خزمەتگوزاییە پزیکشییەکان و دەرمانی پێویست بۆ تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و دابینکردنی دوو ملیۆن و 850 هەزار و 383 ژەمی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، بەشێکی دیکەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

لە بەشێکی دیکەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە سێکتەری تەندروستی، داتاکانی وەزارەتی تەندروستی لە بواری کارگێری و دارایی ئەوە رووندەکەنەوە کە بەرنامەی چاکسازی ئەم کابینەیە گشتیگیرە لە هەموو سێکتەرەکان، لەگەڵ ئەوەشدا، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە بارەی راژە و دەرماڵە و دابەزاندنی دەسەڵاتەکان و کەمکردنەوەی رۆتین بەشێکی دیکەی کارەکان بوونە لە وەزارەتی تەندروستی.

هەروەها کار لەسەر ئامادەکردنی چەندین پرۆژەیاسا کراوە لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی ماددەە هۆشبەرەکان و مافی نەخۆش و مافی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و بیمەی تەندروستی.