کورتە فیلمێکی کوردی ریکۆردێکی نوێی لە زۆری بینەردا تۆمار کرد

جەمال جەبار و جوبرائیل ئەبوبەکر
جەمال جەبار و جوبرائیل ئەبوبەکر

K24 - هەولێر:

کورتە فیلمی تانە و توانج بیرۆکە و دەرهێنانی هونەرمەند جوبرائیل ئەبوبەکرە و یەکەم جاریشە وەک ئەکتەرێک رۆڵێک لەم فیلمەدا بەرجەستەدا دەکات و کورتە فیلمەکە باس لە گرفتێکی کۆمەڵایەتی دەکات و ناوی نراوە تانە و توانج.

هەریەک لە جەمال جەبار و جوبرائیل ئەبوبەکر بە دوو ڕۆڵی جیاواز بەشدارن و تانە لە کچانی گەڕەک دەدەن و چەند ناو و ناتورەیەک دەخەنە پاڵ کەسانێک بێ گوناح و پاشان بەهۆی توانجەکانی ئەوانەوە تووشی گرفتە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەبنەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەشی لە ماوەی تەنیا دوو ڕۆژدا ٤٠٠هەزار بینەری لە سۆشیال میدیادا تێپەڕاندووە، کە ئەمەش ریکۆردێکی نوێیە لە مێژووی فیلمی کوردی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا.

جوبرائیل ئەبوبەکر، لەم کورتە فیلمەدا وەک ئەکتەرێک کاری نواندن دەکات، کە یەکەم جارە ئەو دەرهێنەرە هاوشانی هونەرمەندی بواری دراما و سینەما (جەمال جەباری) ڕۆڵێک بەرجەسته بکات و بتوانێت تا ڕادەیەک سەرکەوتووبێت لە ڕۆڵەکەدا و ببێتە جێی سەرنجی بینەری فیلمی کوردی.

وەک خۆشی بۆ (کوردستان24) دەڵێت: ویستم لە ڕێگەی ئەم بەرهەمە نوێیەوە بێدەنگی بشکێنم و چیرۆکێکی کۆمەڵایەتی نێو کۆمەڵگەی کوردی، کە توانج و تانە لێدانە لە خەڵکانێک، کە بێ ئاگان لە هەموو شتێک و کەسانێک هەن سەرگەرمی شکاندن و لەکەدار کردنی مرۆڤی بێ گوناهن و دەبنە قوربانیی قسەی هەڵبەستراوی بێ بنەما.

گوتیشی: بیرۆکە و دەرهێنانی خۆمە و ڕێبین تەنیا کەریم مۆنتاژی بەرهەمەکەی جێبەجێ کردووە، ڕۆژانەش ژمارەی بینەری فیلمەکە لە بەرزبوونەوەدایە و هیوادارم ئەم بەرهەمە ببێتە ڕێگەیەک بۆ دوورکەوتنەوە لەم دیاردە ناشیرینە، چونکە لێکەوتەی خراپی دەبێت لە نێو کۆمەڵگەدا.